په‌رله‌مانی توركیا بڵاوكردنه‌وه‌ی ساخته هه‌واڵیی به تاوان ناساند
K24 – هه‌ولێر:
له په‌رله‌مانی توركیا یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌واشه‌كاری راگه‌یاندن په‌سند كرا و به گوێره‌ی یاساكه، هه‌ر كه‌س زانیاری درۆ و چه‌واشه‌كار بڵاوبكاته‌وه، به سێ ساڵ به‌ندكردن سزا ده‌درێت.
سه‌ره‌ڕای كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی بینراو، بیستراو، نووسراو، یاساكه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و وێبسایته ئه‌لیكترۆنییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه.
یاساكه پێكهاتووه له چوار مادده و له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه له په‌رله‌مانی توركیا گفتوگۆی له باره‌وه ده‌كرێت و سه‌ره‌نجام ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه له ژێر ناونیشانی "یاسای رۆژنامه‌وانی" په‌سند كرا.
ئۆپۆزیسیۆن له په‌رله‌مانی توركیادا زۆر هه‌وڵیان دا هه‌ندێك گۆڕانكاری به‌سه‌ر به‌نده‌كانیدا بهێنرێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان ئه‌نجامیان نه‌بوو.
لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان ئیدانه‌ی ئه‌و یاسا نوێیه‌یان كرد و به یاسای سانسۆریان ناو برد.
له مادده‌ی 29ی یاساكه‌دا هاتووه: هه‌ر كه‌سێك تاوانه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری درۆ و چه‌واشه‌كار بكات، كه ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ ئاسایشی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی وڵات، یان زیان به ته‌ندرووستیی گشتیی بگه‌یه‌نێت، یاخود نه‌زمی وڵات تێك بدات و ترس و دڵه‌ڕاوكێ له ناو خه‌ڵكدا بڵاوبكاته‌وه، ئه‌وا؛ له بۆ ماوه‌یه‌ك كه له ساڵێك كه‌متر و له سێ ساڵ زیاتر نه‌بێت، به‌ند ده‌كرێت.
پڕۆژه یاساكه له مانگی ئایار/ مایۆی رابردوودا له لایه‌ن ئه‌ندامانی كوتله‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی فه‌رمانڕه‌وا پێشنیاز كراوه.
له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا ده‌یان رۆژنامه‌وان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی توركیادا خۆپیشاندانیان كرد و دژی ئه‌و یاسایه وه‌ستانه‌وه و به یاسای سانسۆریا وه‌سفكرد و جه‌ختیان كرده‌وه، میدیای ئازاد مه‌رجی دیموكراسییه.
توركیا له واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی نزیك ده‌بێته‌وه، كه بڕیاره مانگی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2023 به‌ڕێوه بچێت و به رای شاره‌زایانی كاروباری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات فشاری زیاتر بخاته سه‌ر میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
له ریزبه‌ندی 180 وڵاتی جیهان، كه تایبه‌ت به ئازادی رۆژنامه‌وانیی بۆ ساڵی 2022 له لایه‌ن رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ سنووره‌وه پۆلێن كراون، توركیا پله‌ی 149یه‌مینی هه‌یه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس