ئەمڕۆ چارەنووسی نزار مەحرووس لەگەڵ یانەی هەولێر یەکلا دەبێتەوە
K24 - هەولێر
نزار مەحرووس دەستی لە راهێنەرایەتی یانەی هەولێر کێشاوەتەوە و ئەمڕۆ ئێوارە یانەی هەولێر لەبارەی چارەنووسی راهێنەرەکەی کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر کارەبا کە هاندەران رەخنەیان لە ئاست و ئەنجامی یانەکەیان هەبوو، نزار مەحرووس دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بە دەستەی کارگێڕی یانەکە راگەیاندووە، کە یانەکەی قەڵاومنارە دوو یارییە لەسەریەک لە خولی نایابی عێراق دەدۆڕێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ ئێوارە دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر لەبارەی چارەنووسی نزار مەحرووس کۆدەبێتەوە و بڕیاری خۆیان لەبارەی قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی یانیش بەردەوامبوونی دەدەن.
نزار مەحرووس لە مانگی دیسێمبەری ساڵی رابردوو ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێری گرتەدەست و یانەکەی لە دابەزین بۆ خولی پلەیەکی عێراق رزگارکرد، بەڵام ئەم وەرزە سەڕای ئەوەی زۆربەی تیپەکەی نوێکردووەتەوە لە گەڕی یەکەم لە دەرەوەی یاریگای خۆی 2-1 بە کەربەلا دۆڕا و لە گەڕی دووەمیش لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری 1-0 بە کارەبای میوانی دۆڕا و لەکۆی دوو یاریی تەنیا گۆڵێکی کردووە و هیچ خاڵێکی نییە.