نەبیل مەرسوومی بە داتای سەرژمێری رێژەی پشکی هەرێم لە بودجەدا دەخاتەڕوو
"بەپێی سەرژمێری پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا 14.14%ـە نەک 12.7%"
ئابووریناسێکی ناسراوی عێراقی، بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024 دووپاتی کردەوە، کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا 14.14%ـە نەک 12.7%.
یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، نەبیل مەرسوومی، ئابووریناسی ناسراوی عێراقی، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، تیشکی خستە سەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا و بە پشتبەستن بە داتای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دووپاتی کردەوە کە پشکەکە 14.14%ـە نەک 12.7%
مەرسوومی بڵاوکراوەکەی بە پرسیارێک دەست پێکردووە: پشکی هەرێم لە بودجەدا 12.7%ـە یان 14.14%؟، پاشان بە گوێرەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024 ئامارەکانی خستووەتە روو و نووسیویەتی: ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6.370 ملیۆن کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 46.118 ملیۆن کەسە.
ئەو ئابووریناسە عێراقییە ئاماژەی بەوە کردووە، ئابووری ژمارە و شیکارییە، نەک قسەوباس و چیرۆک.
سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجام درا، کە بە پێی ئەنجامە کۆتاییەکان کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەس.
هەروەها ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 370 هەزار کەس، کە دەکاتە 14.14%ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی عێراق.