مەسرور بارزانی لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە (18ـی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری 2022) کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و گۆڕانکاری جیهان و ناوچەکە تەوەری سەرەکی گفتوگۆی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ کونسوڵ و نێردە دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەکەوەدا باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی، "لە کۆتاییدا دوای ساڵێك لە هەڵبژاردن سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا و سەرۆک وەزیرانیش بۆ پێکهێنانی کابینەکەی راسپێردرا".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: هیوادارم ئەمە ببێتە کردنەوەی دەگای دەرفەتی زیاتر بۆ عێراق، بۆ ئەوەی کاری باشتر بکات، پێشبینی دەکەین ئەم حکومەتە پابەندی دەستووربێت و، رێککەتن لەنێوان هەموو لایەنەکان هەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان و بڕیاری ستراتیژی بدرێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، بەرەوپێشچوون هەیە و هیوادارین ئەو چاکسازییەش ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
جەختیشی کردەوە، لەنزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەن بۆ پڕکردەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان بە هێزە هاوبەشەکان.
گوتیشی، هیوادارن بە بڵاوکردنەوەی ئەو هێزە هاوبەشانە بتوانن بە ستراتیژی باشتر رووبەڕووی داعش ببنەوە.
لەلای خۆیەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، لەمیانی گوتارێكیدا رایگەیاند، حكومەتی ھەرێم بەگرنگییەوە لە پێگەی نێردە و دیپلوماتی وڵاتان دەڕوانێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ھاوكاری و ھەماھەنگی نێردەی وڵاتان بەتایبەتی لە پرسی چاكسازی پێگەی ھەرێم بەھێزتر دەكات.