گۆڕان بۆ یهكێتی: لە جیاتی هەواڵی ناڕاست هەوڵ لەگەڵ ئەو ئەندام و لایەنگرە زویرانەی خۆتان بدەن کە بێ ماڵ و حاڵن

K24 – ههولێر:
بزووتنهوهی گۆڕان له هەڵەبجە رایدهگهیهنێت، ئامۆژگاریمان بۆ مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی ئەوەیە، لە جیاتی هەواڵی ناڕاست هەوڵ لەگەڵ ئەو ئەندام و لایەنگرە زۆرەی خۆیان بدەن، کە بێ ماڵ و حاڵن.
ئەنجوومەنی قەزای ناوەندی هەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان، روونكردنهوهیهكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه: ئەمڕۆ (سێشەممە 18ـی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهری 2022)، مەڵبەندی 9ـی شارەزووری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەواڵێکی ناڕاستی بڵاوکردووەتەوه، وەک پیشەی جارانی، گوایە بەقەولی خۆیان لەماڵە گەورەکە پێشوازیان کردووە لە ژمارەیەک لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان لەسنووری بازنەی سیروان.
دووپاتیدهكاتهوه، كه ئەم هەواڵە جگە لە درۆیەکی گەورە، هیچی دیكه نییە و ئەو کەسانەی کە بەهەڵسوڕاوی گۆڕان ناوبراون، وێنەیان بڵاوکراوەتەوە، تەنیا کەسێکیان پێشتر هەڵسوڕاوی گۆڕان بووە و لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان بەشداری کردووە و سەرکەتوو نەبووە و وازی لەگۆڕان هێناوە، ئەوانی دیکە هیچ پەیوەندییەکییان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەبووە.
دواجار بزووتنهوهی گۆڕان له ههڵهبجه، ئامۆژگاری مەڵبەندی ٩ـی شارەزووری یەکێتی دهكات و پێیان دهڵێت: لە جیاتی هەواڵی ناڕاست بۆ دڵخۆشکردنی سەرکردایەتیەکەی خۆتان، هەوڵ لەگەڵ ئەندام و لایەنگرە زۆرە زویرانەی خۆتان بدەن کە بێ ماڵ و حاڵن.