سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کۆبووەوە 

K24 - هەولێر 

لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی نوێ، کۆبووەوە. 

کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە 19ـی تشرینی یەکەم) لە کۆشکی سەلام بەڕێوەچوو و محەمەد سوودانی هاوکات لەگەڵ پیرۆزباییکردن لە لەتیف رەشید بە بۆنەی بوونی بە سەرۆککۆماری عێراق، هیوای سەرکەوتنی لە کارەکانیدا بۆ خواست. 

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی یەکخستنەوەی ریزەکانی نیشتمانی و کارکردن بۆ پێکهینانی حکومەتێک کراوە کە لە پێناو خزمەتکردن بە خەڵکی وڵات، رووبەڕووی ئالنگارییەکان ببێتەوە. 

هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، داوایکردووە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی شەممە (22ـی تشرینی یەکەم) بە مەبەستی دەنگدان بە ئەندامانی کابینەکەی محەمەد سوودانی کۆببێتەوە.