قوباد تاڵه‌بانی: هێزی كۆماندۆی كوردستان بە توندترین شێوە تۆڵە لە تیرۆریستان دەکەنەوە

په‌یامێك له‌ قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید مولازم زوهێر محه‌مه‌د كرد و رایگه‌یاند، هێزی كۆماندۆی كوردستان بە توندترین شێوە تۆڵە لە تیرۆریستان دەکەنەوە.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و خانەوادەی ئازیزی شەهید مولازم زوهێر دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ فەرماندە ئاکام و پێشمەرگە بریندارەکانیتری ئەم کردەوە تیرۆریستییە دەخوازم.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بە داخەوە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە دژی تیرۆریستانی داعش پێشمەرگەی دڵسۆز مولازم زوهێر محەمەد شەهید بوو و ئاکام عومەر، فەرماندە ئازا و لێهاتووەکەی هێزەکانی کۆماندۆ و چەند پێشمەرگەیەکی تر بریندار بوون.

لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و خانەوادەی ئازیزی شەهید مولازم زوهێر دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ فەرماندە ئاکام و پێشمەرگە بریندارەکانی تری ئەم کردەوە تیرۆریستییە دەخوازم.

هێزی کۆماندۆی کوردستان و فەرماندە ئاکام بە درێژایی ساڵانی رابردوو رۆڵێکی گرنگیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا بینیوە و بە دڵنیاییەوە بۆ لەمەودواش پێداگرتر لە جاران هەوڵی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کوردستان دەدەن و رێگە نادەن خوێنی شەهید مولازم زوهێر و شەهیدانی دیکەی کوردستان بە فیڕۆ بچێت و بە توندترین شێوە توڵە لە تیرۆریستان دەکەنەوە.

هەزاران درود بۆ گیانی پاکی شەهید مولازم زوهێز و هەموو شەهیدانی کوردستان و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ کاکە ئاکام وبریندارەکانیتریش دەخوازین.