مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هونەرمەند ئیسماعیل خەیات دەکات

"لەڕێی هونەرەكەیەوە خزمەتێكی زۆری پێشكەش بە پرسی كورد و كوردستان كرد"

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەكدا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هونەرمەندی شێوەکار ئیسماعیل خەیات کرد و گوتی: ساڵانێكی زۆر، لەڕێی هونەرەكەیەوە، خزمەتێكی زۆری پێشكەش بە پرسی كورد و كوردستان كرد.

سەرۆکی حکومەت هەر لە باسی هونەرمەندی کۆچکردوودا دەڵێت، "مامۆستا ئیسماعیل خەیات، یەكێك بوو لەو هونەرمەندە بەئەزموون و ناودارانەی بواری شێوەكاری، كە ئەرشیڤێكی گەورەی لە تابلۆ و شاكاری هونەری بۆ بەجێهێشتین".

دەقی پرسەنامەکەی مەسرور بارزانی:

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بۆ بنەماڵەی بەڕێزی هونەرمەندی شێوەكار ئیسماعیل خەیات، بەتایبەتی خاتوونی هونەرمەند گەزیزە عومەری هاوسەری:

بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەند ئیسماعیل خەیات-مان بیست، مامۆستا ئیسماعیل خەیات، یەكێك بوو لەو هونەرمەندە بەئەزموون و ناودارانەی بواری شێوەكاری، كە ساڵانێكی زۆر، لەڕێی هونەرەكەیەوە، خزمەتێكی زۆری پێشكەش بە پرسی كورد و كوردستان كرد و ئەرشیڤێكی گەورەی لە تابلۆ و شاكاری هونەری بۆ بەجێ هێشتین، بۆیە بە كۆچی دوایی ئیسماعیل خەیات، هونەری شێوەكاریی لە كوردستان، هونەرمەندێكی مەزنی لەدەست دا.

پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم. خوای مەزن و دلۆڤان، گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بكات و سەبرو ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان