ڤیدیۆ: ناحیه‌یه‌كی دیكه‌ كۆنترۆڵكرا

شه‌ڕێكی قورس له‌ نێوان هێزه‌ عێراقییه‌كان و چه‌كدارانی داعش له‌ چوار ڕێیانی شڕگات به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

K24 - هه‌ولێر:

شانه‌ی جه‌نگی عێراقی ڕایگه‌یاندووه‌، هێزه‌كانی عێراق،كه‌مێك پێش ئێستا ناحیه‌ی (ته‌لول باج) یان له‌ قه‌زای شڕگات كۆنترۆڵكردووه‌.

به‌ پێی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی شانه‌ی جه‌نگی عێراقی، ئێستا ئه‌و ناحیه‌یه‌ له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش ده‌رهێنراوه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ قه‌زای (شڕگات) نزیكبوونه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا زانیاری زیاتری له‌باره‌ی پێشڕه‌وی هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ ڕاگه‌یاند و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌،هێزه‌كانیان ناوچه‌ی "ته‌لول باج و چوارڕێیانی شڕگات" یان كۆنترۆڵكردووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقدا هاتووه‌" ئێستا هێزه‌كانی عیراقی له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی ناحیه‌ی " گه‌یاره‌" نزیكبوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ڕێگایه‌ی "شڕگات و بێجی" به‌یه‌ك ده‌به‌ستێته‌وه‌ و به‌ره‌و موسڵ ده‌ڕوات كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌،و له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی داهاتوودا ئه‌و ڕێگایه‌ ڕۆڵێكی گرنگی ده‌بێت له‌ هاتوچۆ و هێنانی كه‌ل و په‌لی سه‌ربازی بۆ پاڵپشتی هێزه‌كان.

به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق باسی له‌ ڕزگاركردنی ژماره‌یه‌ك گوندی ناوچه‌ی "شڕگات" كۆژرانی ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداری داعشی له‌و ناوچه‌یه‌ كردووه‌.

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ باكوری تكریت و باشوری موسڵ ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رفراوان، له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، و تا ئێستا چه‌ندین گوند و ناحیه‌  له‌و ناوچانه‌دا كۆنترۆڵكراوون .