ئێرانییەکان باس لە "ئەنجامی باش"ـی کۆبوونەوەکەی هەولێر دەکەن
بازرگانە ئێرانییەکان رەخنە لە بەرپرسان و سیستەمی گواستنەوەی کاڵاکان دەگرن
K24 - هەولێر
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق، لەگەڵ ئاماژەدان بە سەردانی ئەمدواییەی شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە "شاندەکە ئەنجامی گرنگیان بەدەستهێناوە".
یەحیا ئالئیسحاق، سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق بە ئاژانسی دەنگوباسی "ئیلنا"ـی راگەیاندووە، سەردانی شاندی بازرگانی بە سەرۆکایەتی جێگیری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان، "ئەنجامی زۆر باشی هەبووە".
یەحیا ئالئیسحاق، روونی نەکردووەتەوە "ئەنجامە باشەکە"چییە و وەردەکارییەکەی چۆنە، تەنها ئەوەندە نەبێ کە بڕیارە مانگی داهاتوو پێشانگای کۆمپانیا ئێرانییەکان لە کوردستان بکرێتەوە.
رۆژی 19ـی تشرینی یەکەم، ئەو شاندە ئێرانییە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و بە جیا لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆبوونەوە.
حکومەتەکانی تاران و هەولێر لە کۆبوونەوەکانیاندا، جەختیان لە برەودان بە پهیوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران و نەھێشتنی ئاستەنگەکان لە بەردەم جوڵهی بازرگانی كردهوه.
کەمبوونەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق، لە لێدوانەکەیدا پەیوەندی بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵاتی بە "پەیوەندییەکی ستراتیژی" ناوهێنا و گوتی: گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق بەلای بازرگان و وەبەرهێنەرانمانەوە گرنگن و پێیانوایە بە هاتنە سەرکاری حکومەتی نوێی لە عێراقدا، پەیوەندییە ئابوورییەکان باشتر دەبن. هەڵبەت دەبێ چاوەڕێ بکەین و ببینین چی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا [عێراق و ئێران] روودەدات".
ئەو، دان بە کەمبوونەوەی ئاستی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێراندا دەنێت و دەڵێ: هیوادارم لە رۆژانی داهاتوودا کەمیی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق قەرەبووبکەینەوە.
بەرپرسانی پەیوەندیدار لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، گلەییان لەو "کەمبوونەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی" هەیە.
خەلیل حەیدەری، چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پارێزگای سنە بە ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی ئێران (ئیرنا)ـی راگەیاندووە، "لە ماوەی ئەو یەک دوو ساڵەدا، دۆخی هەناردە لە پارێزگاکەمانەوە بۆ کوردستانی عێراق باش نییە".
ئەو، سەبارەت بە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە دەروازەی سنووریی باشماخ دەڵێ: پێویستە هۆکارەکە لە وەزارەتی بازرگانی بپرسن، بەڵام شێوەی بازرگانیی ئێمە کۆنە و بۆیە تێچوو و کاتی زیاتری دەوێت.
بە پێی ئەو ئامارانەی (ئیرنا) بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە پارێزگای سنەوە 845 هەزار تۆن کەلوپەل بە نرخی 403 ملیۆن دۆلار رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە و ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، لە رووی کێشەوە 37٪ و لە رووی نرخەوە 22٪ دابەزیوە.
هاوکات تەها سەمیعی، جێگری کاروباری بازرگانی و پیشەسازیی کوردستان، پێیوایە "نەبوونی سیستەمی گواستنەوەی راستەوخۆی کەلوپەلەکان لە دەروازەی سنووریی باشماخ"، یەک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو دەروازەیەیە.
سەمیعی بە (ئیرنا) دەڵێ: هەناردەکاران حەزیان لێیە زیاتر لەو دەروازە سنوورییانە کار بکەن کە توانای گواستنەوەی راستەوخۆی کەلوپەل هەیە، بەڵام ئەو سیستەمە لە باشماخ نییە و هەر بۆیە هەناردەکاران روویان لە دەروازەی سنووریی پەرویزخان کردووە.
لاوازیی کۆمپانیا ئێرانییەکان
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە ئێران، رەخنەی لە کوالێتی و شێوەی کاری کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان گرتووە و دووپاتی کردووەتەوە، "لێرە پارە نابارێت".
کۆتاییەکانی مانگی تەمووزی رابردوو، لەسەر بانگهێشتی ژووی بازرگانی و پیشەسازیی سنە، شاندێکی هاوبەشی ژووری بازرگانی سلێمانی، یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران، یەکێتی ئەندازیاران و یەکێتی بەڵێندەران، سەردانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد.
کۆبوونەوەی ئەو دوو لایانە، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی پێشوو، لەسەر بنەمای پرۆتۆکۆلێکی هاوبەشیانە کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە نێوانیاندا واژوو کراوە.
یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەو کۆبوونەوەیدا بەشدار بوو.
وەک ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران "ئیرنا" بڵاوی کردووەتەوە، یاسین رەحیم، رەخنەی لە شێوەی کاری کۆمپانیا ئێرانییەکان گرتووە.
ئەو گوتوویەتی: لە بازرگانیدا، سەرەڕای گرنگبوونی کوالێتی، شێوەی قوتووبەندی و پابەندبوون بە رێککەوتنەکانیش زۆر گرنگن، بەڵام بەداخەوە کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەر سێ بواردا زۆر لاواز کاریان کردووە.
هەروەها یاسین رەحیم رایگەیاندووە، "پێویستە وەبەرهێنەرانی ئێرانی ئەوە بزانن کە لە هەرێمی کوردستان پارە نابارێت، بۆ ئەوەی دوای ماوەیەکی کەم جانتاکانیان پڕ بکەن لە پارە و بگەڕێنەوە، بەڵکو دەبێت بە باشترین شێوە کار بکەن و ماندوو بن، بۆ ئەوەی قازانجێکی باش بکەن".
یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کوردستان24، باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و رەخنەکانی لە کۆمپانیا ئێرانییەکان کرد.
ئەو، پێشنیاری بە لایەنی ئێرانی کردووە کە بۆ پێشگرتن لە هەناردەکردنی کاڵای ساختەی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان و پابەندبوونی کۆمپانیاکانیان بە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکان، "سزای تایبەت بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان دیاری بکرێت".