نرخی نەوتی سپی ماڵان لە بۆرسەی هەولێر دابەزی
نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی ماڵان لە بۆرسەی سووتەمەنیی هەولێر بۆ 330 هەزار دینار دابەزی، بازرگانێکی سووتەمەنیش دەنگۆی گەیشتنی نرخەکەی بۆ 400 هەزار دینار رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە بە دابەشکردنی نەوتی حکوومی نرخەکەی زیاتریش دادەبەزێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، لە بۆرسەی سووتەمەنیی هەولێر نرخی نەوتی سپی ماڵان دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەرمیلێک نەوتی 220 لیتری بە 330 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا.
شیروان هاشم، بازرگانی سووتەمەنی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوت بە 330 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کراوە و نرخەکەی زیاتریش دادەبەزێت." گوتیشی، ئەگەر نەوتی حکوومی دابەش بکرێت، نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا زیاتر روو لە دابەزین دەکات.
ئەو بازرگانەی بۆرسەی سووتەمەنی دەنگۆی گرانبوونی نەوتی رەت کردەوە و رایگەیاند: "ئەو قسانەی باس لەوە دەکەن نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە 400 هەزار دینار راست نین و تەنیا دەنگۆ بوون کە هەندێک کەس هەوڵیان دەدا نرخەکەی بەرز بکەنەوە، ئەگەرنا نرخەکەی لە 365 هەزار دینار زیاتر بەرز نەبووەتەوە و ئێستاش بەرمیلێکی 220 لیتری بە 330 هەزار دینارە."