کێشەی کەمئاوی 51 گوندی ناوچەى بارزان چارەسەر دەکرێت

پڕۆژەی ئاوی بارزان
پڕۆژەی ئاوی بارزان

K24 – هەولێر

پڕۆژەی ئاوی بارزان کەوتووەتەوە کار و ئاوی خاوێن بۆ 51 گوندی ناوچەکە دەگوازرێتەوە، پڕۆژەکە لە هەر کاتژمێرێکدا 1.200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 31 هەزار دانیشتووی سنوورەکە دابین دەکات.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، دوای سێ ساڵ وەستان دووبارە کەوتووەتەوە کار، سەرچاوەى ئاوى ئەم پڕۆژەیە کە لە رووباری شینە لە ناوچەی باڵندا، بە تەواوبوونى دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی پاك بۆ دانیشتوانی سنوورەکە، پڕۆژەکە ئاوی رووبار بۆ بەشی پاڵاوتن دەگوازێتەوە، لەوێشەوە رادەی پاکی و پێکهاتەکانی ناو ئاوەکە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ خواردنەوە شیاو بێت و پاشان لە رێگای کۆگاکانی پڕۆژەکەوە بۆ گوندەکانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پڕۆژەیە بۆ ناوچەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئێستا چەند گوندێک کانی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوانی دیکە بە تانکەر ناویان لە رووبارەوە بۆ دەچێت، بەڵام بەم پڕۆژەیە ئاوی تەواوی گوندەکانی سنوورەکە دابین دەکرێت.

پڕۆژەی ئاوی بارزان بە گوژمەی 138 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و لە پێنج کۆگای سەرەکی و 51 کۆگای لاوەکیی ئاو پێکهاتووە کە لە رێگەی زیاتر لە 500 کیلۆمەتر بۆڕی قەبارە و شێوەی جیاواز، ئاوی خاوێن بۆ 51 گوندی ناوچەکە دەگوازرێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ نەهێشتنى کێشەى کەمئاواى کە تائێستا خەڵکى دەڤەرەکە تووشى ببوون.

.
.