تەنیا لە ماوەی شەش ساڵدا چوار سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستیان لەکارکێشاوەتەوە

بەریتانیا بە چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێت

خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت
خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت

K24 - هەولێر:

تەنیا لە ماوەی شەش ساڵ چوار سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئەوەش خراپترین دۆخی ناجێگیری سیاسی لە مێژووی بەریتانیا پیشاندەدات.

بەشێک لە سیاسەتمەدار و شارەزایانی سیاسی دەستلەکارکیشانەوەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەگەڕێننەوە بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم و کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2020، پێیانوایە بەریتانیا رووبەڕووی ناجێگیری ئابووری بوویەوە و ئەم بڕیارەش بووەهۆی دروستبوونی ناکۆکی و دووبەرەیی لەنێوان ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا.

زۆربەی شارەزایانی سیاسیش پێیانوایە ئەو کشانەوەیە بەریتانیای زیاتر لە هاوپەیمانەکانی لە ئەمەریکا و ئەوروپا دابڕی و ئابووری وڵاتەکەش بەرەو داڕمانچوو. گەڕانەوەی بەریتانیا بۆ یەکێتی ئەوروپا و بوونی هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ یەکێتییەکە بە رێگەچارە دەزانن.

قەیرانەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاش لە جیهان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی دەرکەوتوون. ئەم قەیرانانەش لەپاڵ قەیرانی سیاسی و دووبەرەکی نێوان ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ئەرکی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیان قورسترکردووە، بە جۆرێك تەنیا لە سێ مانگدا دوو سەرۆکوەزیران دەستیانلەکارکێشایەوە.

دوای دەستبەکاربوونی لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، پلانی ئابووری بۆ کەمکردنەەوەی رێژەی باج و نرخی وزە ناڕەزایی لێکەوتەوە، هاوکات هەڵاوسانیش بە رێژەی 10 لەسەد بەرزبوویەوە.

ترەس دوای کەمتر لە شەش هەفتە لە دەستبەکاربوونی دانی بەوەنا ناتوانێت ئەو پلان و راسپاردەیەی هەیەتی وەک خۆی جێبەجێیان بکات.

بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیاش لە پێشبڕکێی پۆستی سەرۆک وەزیران کشایەوە و رایگەیاند، لە ناوەندی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکی هەیە هیچ سەرۆک وەزیرانێک لە پۆستەکەی سەرکەوتوو نابێت.

بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا هەڵبژێردرێت و ریشی سوناک وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا بەهێزترین کاندیدە بۆ شوێنگرەوەی لیز ترەس.

Fly Erbil Advertisment