وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق: پارتی و یەکێتی دوو پارتی بەهێزن

محەممەد عەلی حەکیم وەزیری پێشوویی دەرەوەی عێراق
محەممەد عەلی حەکیم وەزیری پێشوویی دەرەوەی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پارتی و یەکێتی دوو پارتی بەهێزن و لە پەرلەمانی عێراقیش نوێنەرایەتیەکی بەهێزیان هەیە و لە حکومەتی داهاتووی عێراقیش بەهێزەوە بەشدار دەبن. ده‌شڵێت: "گرنگە محەممەد شیاع سوودانی لە حکومەتەکەیدا بەشداری بە سەدرییەکان بكات، چونکە بەشێکی گرنگی سیسته‌می سیاسی عێراقن".

محەممەد عەلی حەکیم وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق، تایبەت بە کوردستان24 رایگه‌یاند، پێموابێت پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، لە هەرێمی کوردستان بەهێزەوە بەشداری حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن، چونکە لە پەرلەمانی عێراق زۆر بەهێزن.

هه‌روه‌ها گوتی: "پارتی و یه‌كێتی کەسی بەتوانایان هەیە و کەسی لێهاتوو بۆ پۆستەکان دەستنیشان دەکەن".

لەبارەی سەدرییەکانیشەوە محەممەد عەلی حەکیم جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، ئه‌وان زۆرینەی دەنگیان هێناوە، بەشدارییان لە حکومەت زۆر گرنگ دەبێت.

گوتیشی: "پێموایە دەبێ شیاع سوودانی پەلەبکات لەوەی لە حکومەتدا بەشداری به‌ سه‌درییه‌كان بکات، چونکە بەشێکی گرنگی سیستمی سیاسی عێراقن، دواجار دەبێ چاوەرێ بین و بزانین حکومەتەکە چۆن دەبێت، بەڵام باوەڕم وایە سودانی کەسی بەهێز بۆ وەزارەتەکان دەستنیشان دەکات".

سەبارەت بە مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی، حەکیم جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ بەگوێرەی دەستوور نابێ عێراق ببێتە هەڕەشە بۆسەر هیچ وڵاتێک، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ دراوسێکان بە بەرپرسیار بزانین بەرامبەر هەر شتێک کە لە عێراقدا دەیکەین.

محەممەد عەلی حەکیم له‌ساڵانی 2018 تا 2020 له‌ كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بووه‌، كه‌ به‌هۆی خۆپیشاندانی تشرینییه‌كان حكومه‌ته‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌كرا.