وەزیرى خوێندنى باڵا: دەبێت زانکۆ تایبەتەکان زیاتر خۆیان ماندووبکەن
K24 – هەولێر:
وەزیرى خوێندنى باڵا رایدەگەیەنێت، چاوەڕوانی ئێمە و خەڵکی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئەوەیە، بە ئاستێکی زانستی بەرز و بەپێی ستانداردی ئەکادیمی، خزمەتگوزارییەکانییان پێشکەش بکەن و لەهەمانکاتدا دەبێت زانکۆ تایبەتەکان زیاتر خۆیان ماندووبکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لە پەرەپێدانی کوالێتی خوێندن و راهێنان ئەنجامبدەن.
ئەم لێدوانەى ئارام محهممهد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ (چوارشەممە 26ـی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهری 2022) لەمیانهى کۆبونەوەی لەگەڵ سەرجەم سەرۆک زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستانهوه هات.
دووپاتیشیکردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بە گرنگییەوە لە زانکۆ تایبەتەکان دەڕوانێت و چاوەڕوانی وەزارەت و خەڵکی کوردستان لە زانکۆ تایبەتەکان ئەوەیە، کە بتوانن لەڕووی پەرەپێدانی ژێرخان و توانای مرۆیی و دەستەبەرکردنی پێداویستییە زانستییەکان، نموونەی سەرکەوتوو و ناوازە پێشکەش بکەن.
وەزیرى خوێندنى باڵا گوتى: "ئێمە لە ماوەی رابردوودا کارمانکردووە بۆ ئەوەى ریفۆرمى قووڵ لە سیستمى خوێندن ئهنجامبدهین".
دهشڵێت: "ههوڵدراوه بەشى هەرەزۆری دەرچووانی ئامادەیی له زانكۆ و پهیمانگه تایبهتهكان جێبکەینەوە و سوود لە ئەوپەڕی توانای وەرگرتنی زانکۆکان وەربگرین، بۆ ئەوەی هەموو گەنجانی وڵات دەرفەتییان هەبێت خەونەکانیان بێتەدی".
ئهوهشی خستهڕوو، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا %45ـی کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل و %10 تا 25٪ کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنرا.