جه‌مال كۆچه‌ر: پێش كۆتاییهاتنی ئه‌مساڵ بودجه‌ی 2023 په‌سه‌ندده‌كرێت

جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایده‌كات، ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ ساڵی 2023 ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات بۆ په‌سه‌ندكردن.

جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، دوای ره‌وانه‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌توانێت له‌ماوه‌ی 50 رۆژدا رێكاره‌كانی په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ ساڵی 2023 ته‌واوبكات.

جه‌مال كۆچه‌ر كه‌ هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیشه‌، روونیكرده‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رپرسی پێشووی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق خۆی ئێستا بووه‌ته‌ وه‌زیری دارایی عێراق، پێشبینی ده‌كرێت له‌ زووترین كاتدا، كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق كاره‌كانی ئاماده‌كردنی بودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2023 ته‌واوبكات و ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی بكات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حكومه‌تی عێراق لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ده‌توانێت کار بە یاسای نوێی بوودجە بكات و به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی خەرجییه‌كانی ئه‌نجامبدات.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ (31ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، عه‌بدولحه‌سه‌ن جه‌مال گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، ده‌ستكراوه‌ به‌ ئاماده‌كردنی بوودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2023 و به‌م نزیكانه‌ش ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كرێت.

دوای ئه‌ه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2021) و دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، حكومه‌تی پێشووی عێراق خاوه‌نی یاسای بودجه‌ بۆ ساڵی 2022 نه‌بوو، بۆیه‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌كه‌ی سوودانی، راسته‌وخۆ كار بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023 ده‌كرێت.

Fly Erbil Advertisment