سوپای یەمەن: 906 ئۆپەراسیۆنمان دژی حووسییەکان ئەنجامداوە

هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"، 906 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی پێگەکانی چەکدارانی حووسی ئەنجام داوە، بەو هۆیەوە 201 چەکدار و سەرکردەی مەیدانیی ئەو گرووپە لەچالاکی خراون و دەیان کەرەستەی سەربازییشیان تێکشکێنراون.

عەقید روکن ماجد نوزەیلی، گوتەبێژی فەرمیی سوپای یەمەن رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا پێکهاتبوون لە 41 هێرشی ئاسمانی، 18 ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، 90 بۆردومانی مووشەکی بە راجیمە، و 757 بۆردومانی تۆپخانەی مەیدانی.

گوتەبێژی سوپای یەمەن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گورزە سەربازییانە بوونەتە هۆی لەچالاکیخستنی 201 چەکدار و سەرکردەی مەیدانیی حووسییەکان، هەروەها تێکشکاندن و لەکارخستنی 121 ئۆتۆمبێل و کەرەستەی جەنگیی ئەو گرووپە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، نوزەیلی روونی کردەوە هێزەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە بەرەکانی باشوور و باشووری رۆژئاوا بەردەوامن و وەڵامی هێرش و جووڵەکانی چەکدارانی حووسی دەدەنەوە؛ هاوکات بڵاوەپێکردنەوە و دووبارە جێگیرکردنی یەکە سەربازییەکان لەو ناوچانە، بەپێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مەیدانی و مەترسییەکان بووە، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی لەپێشینەکان، شکاندنی گەمارۆی سەر شاری تەعیز و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانی مەدەنی.

هێزە چەکدارەکانی یەمەن باسیان لەوە کرد، پاراستنی گەل و سەرچاوەکانی وڵات بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە، هەروەها مسۆگەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی "بابولمەندەب" پێویستی بە هەماهەنگی و هەوڵی هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە؛ جەختیشیان لەوە کردەوە کە هێزەکانیان پابەندی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان تاوەکو بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن".