ئه‌مه‌ریكا پێشنیاز ده‌كات توركمانستان غاز بۆ ئه‌وروپا دابین بكات
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی پیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری توركمانستان بكات بۆ ئه‌وه‌ی غازی سرووشتی هه‌نارده‌ی ئه‌وروپا بكات.
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، بۆ كاروباری باشوور و ناوه‌ڕاستی ئاسیا، دۆناڵد لو، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند، ئێستا پێویستییه‌كی زۆر هه‌یه، چونكه نرخی غاز زۆر هه‌ڵكشاوه، ده‌كرێت حكومه‌تی توركمانستان بیر له‌و پڕۆژه‌یه بكاته‌وه.
گوتیشی: باشترین ده‌رفه‌ت بۆ گه‌لی توركمانستان هاتووه‌ته پێش، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، غاز هه‌نارده بكرێت بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا و به‌وه‌ش داهاتێكی زۆر ده‌ست گه‌لی توركمانستان ده‌كه‌وێت.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌ی هه‌موو هاوكاریكردنێكه، به‌ڵام ئێمه كڕیاری غازی توركمانستان نین، ئه‌مه‌ریكا به‌شی پێویستیی خۆی غازی هه‌یه.