سەباح سوبحی: رێژەی بێکاری لەسەدا 40ـی تێپەڕاندووە

K24 – هەولێر

سەباح سوبحی ئەندامی نەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتیکردەوە، رێژەی بێکاری لە عێراق 40٪ تێپەڕاندووە. هەر بۆیەش ئەو پەرلەمانتارە بە پێویستی دەزانێت یاسای بوودجە لە زووترین کاتدا پەسند بکرێت.

سەباح سوبحی بە کوردستان24 دەڵێ، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری بەو ئاستە، کێشەیەکی گەورەیە و پێویستە حکومەت هەنگاوی جددی بنێت.

هەڵبەت ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە سەرچاوە و وردەکارییەکانی رێژەی 40٪ـی بێکاری لە عێراقدا نەکرد، بەڵام هەر ئەمساڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردەوە، "رێژەی بێکاری لە وڵاتدا گەیشتووەتە 16.5٪".

یەک لەو هەنگاوانەی ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی لێدەکاتەوە، "پەسندکردنی خێرای یاسای بوودجەی عێراقە" و پێیوایە "کەرتی تایبەت لە عێراق هێز و پێگەیەکی ئەوتۆی نییە، بەڵکو تەنیا کەرتی گشتییە و زیاتر پشت بە دامەزراندن و مووچە دەبەستن و ئەمەش بوونەتە هۆکاری زیادبوونی رێژەی بێکاری".