ئێران لە بازاڕی عێراقدا پاشەکشێی گەورەی کردووە
K24 – هەولێر
لە ماوی حەفت مانگی رابردوودا ئاستی هەناردەی کاڵا و بەرهەمی ئێرانی بۆ عێراق پاشەکشێی گەورەی کردووە. ئێرانییەکان لەوە "نیگەرانن" و پێیانوایە ئاستی بازرگانیان لەگەڵ عێراقدا، لەئاستی نفوزی سیاسی و دەسەڵاتی حکومەتی تاران لە عێراقدا نییە.
رۆژنامەی "ئیقتساد نیوز"، راپۆرتێکی لەبارەی ئاستی هەناردەی ئێران بۆ عێراق بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: عێراق لە ریزبەندی بیستەم وڵات دایە کە لە ماوەی حەفت مانگدا، زۆرترین گەشەی نەرێنی لە هاوردەکردنی بەرهەم و کاڵای ئێرانیدا تۆمارکردووە".
لەو راپۆرتدا ئامارەکانی گومرگی ئێران لە سێ مانگی بەهار و هاوین و مانگی یەکەمی پاییز تاوتوێکراون و دووپاتکراوەتەوە، "گەشەی نەرێنی هەناردە بۆ عێراق، لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە یەکێک لە هاوبەشە ستراتیژییەکانی ئێرانە".
رۆژنامەکە ئاماری ناوەندێکی حکومەتی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ: هەناردەی غاز بە رێژەی 60٪ و هەناردەی بەنزین بە رێژەی 80٪ بۆ عێراق دابەزیوە.
جهانبەخش سەنجابی، سەرۆکی ژووری هاوبەشی ئێران و عێراق، هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی هەناردەی ئێرانی بۆ عێراق شیکردووەتەوە.
ئەو بە ئاژانسی (ئیلنا) دەڵێت: گەمارۆکانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران، ئەندامنەبوونی ئێران لە FATF و گرفت لە سیستەمی بانکیدا، هۆکاری دوورکەوتنەوەی عێراقییەکانن لە ئێمە.
جهانبەخش سەنجابی، گوتی: وەبەرهێنەران لە رێگەی کەمکردنەوەی نهێنییەوە دەتوانن پڕۆژە لە عێراق وەربگرن و یەک لە مەرجە سەرەکییەکانیش بۆ بەشداری لە کەمکردنەوەکان، بوونی گەرەنتی بانکییە، بەڵام ئێرانییەکان بە هۆی گەمارۆکانەوە ناتوانن لە عێراق گەرەنتی بانکی وەربگرن.