بەھۆی ھەڕەشەكانی ئێران گوندێكی باشووری كوردستان چۆڵ دەكرێت

"دوو رۆژە ھاوڵاتی و جوتیار و كۆچەرییەكان ناوچەكەیان چۆڵكردووە"

K24 - سۆران

گوندێكی سنووری قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای ھەولێر، لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران ئاگاداركراونەتەوە كە گوندەكەیان چۆڵ بكەن، لە ئێستاشدا ئەو گوندە و سەرجەم جوتیار و كۆچەرییەكانی سنووری گوندەكە بە ناچاری ناوچەكەیان جێھشتووە.

پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە رایگەیاند: "چەند رۆژێك لەمەوبەر بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران دانیشتوانی گوندەژۆر و جوتیار و كۆچەرییەكانی سنوورەكەیان ئاگادار كردونەتەوە كە گوندەكە و دەوروبەری چۆڵ بكەن، بۆیە دوێنێ بە ناچاری ھاوڵاتیانی گوندەكە و جوتیار و كۆچەرییەكان ناوچەكەیان چۆڵكردووە".

لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 عەبدولواحید گوانی قایمقامی چۆمان رایگەیاند: "شەڕ و ئاڵۆزی لە شار و گوندەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بووە نەك باشووری كوردستان".

گوتیشی: "لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بۆ ئەم مەبەستە قسە دەكەین، ھەروەھا نابێ ھیچ ھێزێك ببێتە ھۆكار بۆ تێكچوونی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان".

Fly Erbil Advertisment