لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لە قەزای خەبات کەسێک کوژرا

K24 - هەولێر
بەهۆی کێشەی راگرتنی ئۆتۆمبێل لە قەزای خەبات شەڕ لەنێوان چەند کەسێک روویدا، لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، شەڕەکە لە گەراجێکی وەستاندنی ئۆتۆمبێل روویداوە، دوای دەمەقاڵە بووەتە شەڕ و تەقە کراوە لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە.
راشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای ئاگادارکردنەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەبوونی رووداوێکی کوشتن لە قەزای خەبات، دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی رووداو و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کەوا هاوڵاتییەک بەناوی (رێباز حەیدەر رەمان)، تەمەن (22) ساڵ کوژراوە و هاوڵاتیەکی تر بەناوی (فەرهاد ئەحمەد)، تەمەن (45) ساڵ زامداربووە.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی هەولێر "هۆکاری رووداوەکە (فرهاد ئەحمەد) باری بۆ هاتووە و لەم کاتە ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم گەراجی ناوبراو وەستاوە و ئاگاداری خاوەن ئۆتۆمبێلەکەی کردووەتەوە، کە ئۆتۆمبێلەکەی لابدات بە مەبەستی داگرتنی بارەکەی لەم نێوەندەدا لەگەڵ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بەناوی (ک. ش. چ.) دەبێتە دەمەقاڵیان و بووەتە شەڕیان، تۆمەتبار چەکی دەرهێناوە و گوللـەی تەقاندوە، وە بەم هۆیەوە ئەم رووداوە روویداوە".