هەنگوینی کوردستان ئاستێکی پێوانەیی و سەرکەوتنی نێودەوڵەتی تۆماردەکات
سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان جەختدەکاتەوە، کەرتی بەرهەمهێنانی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەرهەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە هەزار تۆن، گوتیشی، ئەم ئامارە گەورەیە پێگەی هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی سەرەکی بەرهەمهێنانی هەنگوینی سروشتی لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.
چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، ساڵی 2026، ساڵێکی نموونەیی و پڕ لە دەستکەوت بوو بۆ هەنگەوانانی کوردستان، چونکە لەم ساڵەدا بڕی بەرهەمهێنان بە هەزار تۆن هەنگوینی سروشتی، ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد، هاوکات لە پێشبرکێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا هەنگەوانە کوردەکان لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی ئەو کەسانەدابوون بەشدارییان لە پێشبڕکێکاندا کردووە.
عارف شێروانی گوتیشی، لە هەرێمی کوردستاندا 15 هەزار هەنگەوانی چالاک لەو کەرتدا کاردەکەن، خاوەندارێتی 850 هەزار کوورەی هەنگ دەکەن، جەختیشی کردەوە، بەشێکی زۆر لە هەنگەوانەکان ئێستا بە شێوازی مۆدێرن هەنگەوانی دەکەن خاوەندارێتی 800 هەزار کوورەی مۆدێرنن، ئەوانی دیکەش بە شێوازە کلاسیکی و کۆنەکان و بە 50 هەزار کوورەی هەنگ لە بەرهەمهێنان بەردەوامن.
سەبارەت بە پێداویستی ناوخۆیی و ساغکردنەوەی بەرهەمی هەنگەوانان، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان گوتی، پێداویستیی ناوخۆیی ساڵانە لە نێوان 500 بۆ 600 تۆندایە، و بەشێکی زۆری بەرهەمە زیادەکە رەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بازاڕەکانی دەرەوە دەکرێت.
لە بارەی ناوبانگ و کوالێتی هەنگوینی کوردستان لە دەرەوەی هەرێم، عارف شێروانی رایگەیاند، هەنگەوانانی کوردستان لە فێستیواڵی نێودەوڵەتیدا سەرکەوتنی مێژووییان بەدەستهێناوە، گوتیشی، ئەمساڵ لە ئاستی کیشوەری ئاسیادا 3 هەنگەوانی کورد لە نێو زیاتر لە 250 بەشداربووی نێودەوڵەتی، 4 مەدالیای سەرکەوتنیان بە پلەکانی یەکەم و دووەم واتە ( 2 مەدالیای زێڕ و 2 زیو )ـیان بەدەستهێناوە، ئەمەش جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێگە و کوالێتی بەرزی بەرهەمی نیشتمانی دەکاتەوە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
لەو بارەیەوە عوسمان مەجید، ئەندامی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب بە "کوردستان24" رایگەیاند، بەشداریکردنی ئەمساڵ زۆر جیاواز و مەرجەکانی پێشبڕکێکە قورس بوون، لەبەر ئەوەی بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پێشوەختە پشکنینی تاقیگەیی ورد بۆ سەرجەم بەرهەمەکان لە وڵاتی سعوودیە لەو تاقیگەیەی لەلایەن یەکێتییەکەوە دیاریکرابوو، ئەنجامدراوە.
سەرەڕای گەرمای توند و سەختیی پرۆسەی گواستنەوە، هەنگەوانانی کوردستان نموونەی هەنگوینەکانیان بە شێوەی شلە، شانە و بەستوو، هاوکات لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی بۆ دەرمان و چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنرێن، رەوانەی تاقیگە کرد و بە ئەنجامی زۆر باش سەرکەوتوو بوون.
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم هەنگەوانان، عوسمان مەجید رایگەیاند، بەهۆی ساخکردنەوەی هەنگوینی هاوردەکراو و دەستکرد لە بازاڕەکانی ناوخۆدا، بازاڕی هەنگوینی ناوخۆیی زیانی بەرکەوتووە، هەروەها تێچووی بەشداریکردن لە کۆنگرەکەدا لە پشکنینی تاقیگە، گەشتکردن، مانەوە و بەشداریکردن بە تەواوی لەسەر ئەرکی گیرفانی هەنگەوانەکان بووە بەبێ ئەوەی هیچ هاوکارییەکی دارایی بکرێن.
ئەو ئەندامەی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ کرد، لە کۆنگرە و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوودا هاوکاری هەنگەوانانی کوردستان بن لە رووی دارایی و ئاسانکارییەوە، چونکە بە گوتەی ئەو "ئەگەر هاوکاری هەبێت، لەبری چوار نموونە دەتوانین بە 50 نموونە بەشداری بکەین و خەڵاتی زیاتر بەدەستبهێنین، ئەمەش ناوبانگی هەنگوینی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان بەرزتر دەکاتەوە و بازاڕی نێودەوڵەتی بۆ دەڕەخسێنێت".
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، شاندی کوردستان بە ئاڵای کوردستان و بە پۆشینی جلوبەرگی رەسەنی کوردی بەشدارییان کردووە، ئەمەش بووەتە جێی سەرنج و گرنگیدانی میدیا عەرەبی و جیهانییەکان لە کۆنگرەکەدا.