نێچیرڤان بارزانی لە لووتکەی COP31 لەگەڵ گۆتێرێس، ڤۆن دێر لاین و یاشار گولەر کۆبووەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کارەکانی لووتکەی نێودەوڵەتیی ئاووهەوا (COP31) لە شاری ئەنتالیای تورکیا، زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسیی باڵای لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و وەزیری بەرگریی تورکیا ئەنجام دا و تێیاندا پرسی گۆڕانی کەشوهەوا، سەقامگیریی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تاوتوێ کرد.
چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوکدا ئاماژەی داوە، لە یەکێک لە دیدارەکاندا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە. لە گفتوگۆکانیاندا، سەرنج خرایە سەر دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، هاوکات بیروڕا لەبارەی ئاڵۆزی و گرژییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کارکردن بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، پاراستنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا، و یەکلاکردنەوەی سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و رێگەچارەی ئاشتییانەوە.
لە راگەیەندراوێکی دیکە دا، هەر لە پەراوێزی لووتکەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران و جەخت لە فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا کرایەوە، بەتایبەتی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا و پاراستنی ژینگەدا.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا باسیان لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە کرد و جەختیان لە پێویستیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.
لە درێژەی دیدارەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکانی ناوچەکە خرایە بەرباس، لەپاڵ هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەشی ئەمنیی نێوان تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگییە ئەمنییەکان کردەوە، بە شێوازێک کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا بپارێزێت.