دڵشاد شەهاب: نێچیرڤان بارزانی لە ئاستی سەرۆکی وڵاتان لە لووتکەی COP31 پێشوازیی لێکراوە
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وردەکاری و گرنگیی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە لووتکەی نێودەوڵەتیی ئاووهەوا (COP31) خستەڕوو و رایگەیاند؛ شێوازی پێشوازی و دیدارە چڕەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، بەڵگەی پێگەی بەهێزی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.
چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 لە شاری ئەنتالیای تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە لووتکەی نێودەوڵەتیی ئاووهەوا (COP31) بەسەر دوو بەشدا دابەش بووە؛ بەشێکی پسپۆڕی و زانستییە و بەشەکەی دیکەی دیداری باڵای سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانە. روونیشی کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی جیاواز و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا وەک دەوڵەتی خانەخوێ بەشداری لە لووتکەکەدا کردووە، نەک لە چوارچێوەی شاندی گشتیی عێراق، و لە رووی پرۆتۆکۆلیشەوە هاوشێوەی سەرۆکی دەوڵەتان پێشوازیی لێ کراوە.
دڵشاد شەهاب ئاشکرای کرد کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کارەکانی لووتکەکەدا چەندین دیداری گرنگ و چارەنووسسازی لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی جیهان و ناوچەکە ئەنجام داوە؛ لەوانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر، شەهبازشەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئورسۆلا ڤۆندێر لایەن ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، ئەندری سیبیها وەزیرانی دەرەوەی ئۆکرانیا، عەباس عێراقچی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و چەندین سەرکردەی دیکە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم باسی لەوە کرد کە تەوەری دیدارەکان بەسەر دوو ئاستی سەرەکیدا دابەش ببوون؛ ئاستی یەکەم بایەخدانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بە پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووریی عێراقی فیدراڵدا، بەتایبەت لەم قۆناخە هەستیارەی ناوچەکە کە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت.
ئاستی دووەمیش بریتی بوو لە پەیوەندییە هەرێمییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی وەک تورکیا، ئێران و سووریا، کە تێیدا سەرنج خرایە سەر سنوورە هاوبەشەکان، بەرژەوەندییە هاوبەشە ئابووری و دیپلۆماسییەکان، لەگەڵ ئەو راستییەی کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە تەواوکەری یەکترین و هەر رووداوێک لە هەر لایەکیان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەوی دیکە دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دڵشاد شەهاب سەرنج خستە سەر تاوتوێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و گوتی: لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا پرسی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا بە بایەخەوە قسەی لەسەر کرا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەوە لەسەر رۆڵی کارا و ئەرێنیی خۆی بۆ سەرخستن و برەودان بەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، چونکە سەقامگیری و ئارامی لە تورکیا رەنگدانەوەی ئەرێنیی راستەوخۆی بەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا دەبێت، ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی هەرێمیش لەلایەن بەرپرسانی باڵای تورکیاوە بە بەرزی نرخێنرا.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، ئەم پێشوازییە گەرمە و ئەم قەبارە لە دیدار لەگەڵ بڕیاربەدەستانی باڵای نێودەوڵەتی و ناوچەیی، دەستکەوت و پاڵپشتییەکی گەورەی سیاسی و دیپلۆماسییە بۆ پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، و نیشانەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە رۆڵی هاوسەنگ و سەقامگیرکەرانەی هەرێم لە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.