سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر دەكات
K24 – هەولێر:
رۆژی یەكشەممە 18ی كانوونی یەكەمی 2022، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز نی ڕووچی كونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر كرد، كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و ماڵئاوایی، سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی چین پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵی جەنابی بارزانیی نەمر و سەركردەی مەزنی چین ماو تسێ دونگ لە بنیاتنانی بناغەی پەیوەندییە مێژوویەكانی نێوان گەلی چین و گەلی كوردستان لە سەددەی بیستەمدا، هیوای ئەوەشی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە قۆناغی داهاتوودا لە بواری جیاجیا پەرەی زیاتر بستێنن.
لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا كونسوڵی گشتیی چین سەرۆك بارزانیی لە هەوڵ و ئامانجەكانی كۆمپانیا چینیەكان بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئاگاداركردەوە. هەروەها باسیشی لە كردنەوەی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆیەكی پەكین كرد وەك هەوڵێك بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و گەلی كوردستان.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی كونسوڵی گشتیی چینی كرد كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی زۆری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی چین داوە و جەختیشی لە بایەخی فراوانبوونی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی چین كردەوە.
هەروەها سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە كردنەوەی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆیەكی شاری پەكین كرد و بە هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی لە قەڵەم دا.
