وردەکاری و میوانانی کۆنگرەی لوتکەی دووەمی بەغدا لە ئوردن

ئوردن، پێشوازیکردن لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
ئوردن، پێشوازیکردن لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر

كۆنگره‌ی لوتكه‌ی دووه‌می به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی، له‌ عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سه‌رۆكی وڵاتانی عەره‌بی، وه‌زیر و نوێنه‌رانی وڵاتانی جیهان و ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و تێیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌، ئاسایشی خۆراك، شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا، پرسی وزه‌ و چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.

ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌و چالاكییه‌ كه‌ به‌ لوتكه‌ی به‌غدا ناسراوه‌ و زۆربه‌ی ته‌وه‌ره‌كانی، خۆی له‌ پرسه‌ ئه‌منییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌، ئامانج لێی جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر پاڵپشتیكردن له‌ عێراق و سه‌روه‌ری، ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی.

له‌لایه‌كی دیكه‌ عه‌زیز دیحانی، باڵیۆزی كوه‌یت له‌ ئوردن رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆنگره‌ی دووه‌می به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی، هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ پشتیوانی عێراق له‌پێناو سه‌قامگیری و پاراستنی ئاسایشه‌كه‌ی و هاوكات ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ی رووبه‌ڕووی ناوچه‌كه‌ و جیهان ده‌بێته‌وه‌.

پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی لوتکەکە
پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی لوتکەکە

گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی توند

سوپای ئوردن رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ پاراستنی لوتكه‌كه‌، هێزێكی زۆری سه‌ربازییان به‌درێژایی 30 كلیۆمه‌تر له‌شه‌قام و فڕۆكه‌خانه‌ی وڵات و ناوچه‌كانی ده‌ریای مردوو و 50 كلیۆمه‌تر له‌ رۆژئاوای عه‌مان بڵاوه‌پێكردووه‌.

گرنگیی لوتکەکە بۆ فەڕەنسا

په‌یوه‌ستبوونی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بە عێراق، به‌جۆرێكه‌ کە لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، دووجار سەردانی ئه‌و وڵاته‌ی کردووە. فەڕەنسا دەیەوێت په‌یوه‌ندییه‌كانی لەگەڵ عێراق، له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌ت و ئابووری و ئاسایشێكی نوێی دوور له‌ ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ئێران بونیادبنێت.

هاوكات دیپلۆماسییەتی فەڕەنسا دەیەوێت پردێک لە بۆچوونی لایەنە كاریگه‌ر و پەیوەندیدارەکانی عێراق دروست بکات و له ‌ئاست هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كاندا یه‌كگرتووتریان بكات. پێشتر حكومه‌تی فه‌ره‌نسا نیگەرانی زۆری له‌باره‌ی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و شەرمەزاری کردووە و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری زانیوه‌.

هاوكات پاریس بەشێکە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەیوەندی به‌هێزیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیدا هه‌یه‌.

کۆبوونەوەی شاندی ئێران و یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی كۆنگره‌ی لوتكه‌ی دووه‌می به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی
کۆبوونەوەی شاندی ئێرانی و یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی كۆنگره‌ی لوتكه‌ی دووه‌می به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی

سەرکردە و وڵاتانی بەشداربوو

ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ و نوێنه‌ری وڵاتان له‌وانه‌، میسر، سعوودیه‌، ئیمارات، قه‌ته‌ر، به‌حره‌ین، كوه‌یت، عومان، توركیا و ئێران، وێڕای به‌شداریكردنی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی، ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری وڵاتانی كه‌نداو، نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و یه‌كێتی ئه‌ورووپا و له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی لوتكه‌كه‌دا باڵیۆزانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، یه‌كێتی ئه‌ورووپا، گروپی جی-20 و ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش وه‌ك میوان به‌شدار ده‌بن.

تەوەرەکانی لوتکە

هاوکاریکردنی عێراق لە ئاسایش و بووژانەوە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پرسی وزە، ئاسایشی خۆراک، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دۆخی سووریا ، دۆسیەی پەنابەرانی سووریا ، قەیرانی سیاسی لە لوبنان و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.