سبه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا ده‌گاته هه‌ولێر و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشوازی لێده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا به یاوه‌ری دوو وه‌زیری حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشوازی لێده‌كرێت.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه، بڕیارە سبەی هەینی (23ـی کانوونی یەکەم/دیسێمبه‌ری 2022)، جۆرجا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی بکرێت.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا دوای ئەوە دێت رۆژی 8ی کانوونی یەکەم/دیسێمبه‌ری 2022)، نامەیەکی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بوو و بەڵێنی دابوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لە نامەکەیدا جۆرجا میلۆنی، ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندی دۆستانەی نێوان ئیتالیا و هەرێمی کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەردوولا هاوبەشن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردبوویەوە، بەتایبەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کشتوکاڵ و وزە.
لە نامەکەیدا جۆرجا میلۆنی كه بۆ مه‌سرور بارزانی نووسیبوو، رایگەیاندبوو "چاوەڕوانم لە دەرفەتێکی نزیکدا بتانبینم و لەگەڵتان کۆببمەوە''.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، جۆرجا میلۆنی، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاندووه، سبه‌ی هه‌ینی سه‌ردانی عێراق و هه‌ڕێمی كوردستان ده‌كات.
له په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا ئاماژه به‌وه‌شكراوه كه دوو وه‌زیری حكومه‌ته‌كه‌ی میلۆنی، یاوه‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا ده‌كه‌ن بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
لەو سەردانەیدا سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە هەمان کاتیش‌دا سەردانی هێزەکانی ئیتاڵیا دەکات کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە هەرێمی کوردستاندا خزمەتدەکەن.
سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، تەنیا دوای ماوەیەک بەسەر سەردانی کاتالین نۆڤاک سه‌رۆكى هه‌نگاريا دێت کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی و کوردستان کۆبووەوە و پاشان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی عەنکاوە قوتابخانەیەکی کردەوە و دواتر سەردانی ئەلقوشی کرد.