حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 110 تۆن زەیتی زەیتوون بەرهەمدەهێنرێت
K24 - هه‌ولێر:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ساڵانە لە رێگەی حەفت کارگەوە نزیکەی 110 تۆن زەیتی زەیتوون لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 24ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، فه‌رمانگه‌ی میدیای و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتی زه‌یتوون له‌نێوخۆیی هه‌رێمی كوردستاندا بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە بە پاڵپشتی کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێ، لە ئێستادا لە ڕێگەی حه‌فت کارگەوە ساڵانە نزیکەی 110 تۆن زەیتی زەیتوون لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، کارگەکانی بەرهەمهێنانی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان بە کوالێتییەکی زۆر باش زەیت بەرهەمدەهێنن و رۆژانەش نزیکەی 800 تۆن زەیتوون لە جووتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و زەیتەکەش بەهۆی بوونی خواستی زۆر هەر لە ناوخۆ ساخ دەکرێتەوە.
نیعمەت مەولوود، سەرۆکی کۆمەڵەی هەرەوەزی زەیتوون له‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتی زه‌یتوون له‌نێوخۆیی هه‌رێمی كوردستاندا بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:'' بەپێی رۆژە، رۆژ هەیە یەک تۆن زەیتوونمان بۆدێت، رۆژیش هەیە 30 تۆن و رۆژیش هەیە 10 تۆن زەیتوونمان بۆدێت، بەڵام بە بەردەوامی رۆژانە 20 تۆنی لێ دەكەینە زەیتی زەیتوون، چونكە لە 24 كاتژمێر لەوانەیە 4 بۆ 5 كاتژمێر كاركردن ڕابگرین، بۆیە 20 تۆن ئیش دەكەین و بەرهەمهێنانی زەیتەکە بەپێی تۆنی زەیتوونەكەیە، زەیتوون هەیە تەنی 120 كیلۆیە و هەشە 80 كیلۆیە، چەند وەرزەكە دڕێژبێتەوە بەرهەمهێنانی زەیتون زیاتر دەبێت. بۆ نموونە بەرهەمهێنانی زەیت ئەگەر لەمانگی 12 بۆ 1 بكرێت کێشەی نییە، بەڵام لەمانگی 9 بكرێت ئەوا سەوزە و رۆنی تێدانیە، لە ئێستا دا کاتی گونجاوە بۆ زەیت. ''
سەرۆکی کۆمەڵەی هەرەوەزی زەیتوون ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەو هەنگاوەی حكومەت زۆرباش بوو بۆ كردنەوەی ئەو كارگەیە، چونكە پێشتر هەمووی لەلایەن كارگەی ئەهلی زەیتوونیان ساخ دەكردەوە و هەر شتێك هەبووایە بەسەریان دەسەپێنرا و لە ئێستاشدا جووتیارەکان لەهەموو لایەكەوە دەچن بۆ ئەو کارگەیە.
نیعمەت مەولوود، ئاماژەش بەوە دەکات، خۆشبەختانە زەیتی زەیتوون داواكاری زۆری لەسەرە لە كوردستان، خەڵكی زۆر بەكاری دێنن، ساڵی یەكەم و دووەم داواكاری زۆر نەبوو لەسەری، بەڵام ئێستا زۆر زۆر بووە لە هه‌رێمی كوردستان.
نیعمەت مەولوود دەڵێت:''ئێمە وەكو خۆمان بەهیچ شێوەیەك زەیتی خراپمان نەداوەتەوە خەڵك، چونكە ئێمە راستەوخۆ لە كێڵگەكان زەیتوون لێدەكەینەوەو لەهەمان رۆژ دەیكەینە زەیت و دەکەوێتە بەردەستی خەڵك.''
به‌گوته‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیای و زانیاری، جگە لەو ناوچانەی کە بەفراوین و ساردن، تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ چاندنی زەیتوون شیاوە و دەکرێت تێیدا بڕوێنرێت و ، نزیکەی 1350 جووتیاریش لەو بوارە کار دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوامە لە سیاسەتی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک.