رووسیا داوای خۆڕادەستکردن و داماڵینی چەک لە ئۆکرانیا دەکات
K24 - ههولێر:
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، هۆشدارییدا لەوەی ئۆکرانیا داواکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ خۆڕادەستکردن و داماڵینی چەک بەمەبەستی لابردنی هەر هەڕەشەیەکی سەربازیی بۆ سەر رووسیا، جێبەجێ نەکات.
سێرگی لاڤرۆڤ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا بۆ ئاژانسی (تاس)ـی رووسیا رایگەیاندووە، ئەگەر ئۆکرانیا دەستبەرداری چەک نەبێت، ئەوا سوپای وڵاتەکەی بەرپرسیارییەتی دەگرێتە ئەستۆ و کێشەکە چارەسەردەکات.
وەزیری دەرەوەی رووسیا وڵاتانی رۆژئاوای بەوە تۆمەتبارکرد، کە جەنگی (رووسیا ئۆکرانیا) بۆ لاوازکردنی رووسیا دەقۆزنەوە و راشیگەیاند، کۆتاییهاتنی ململانێکیان پەیوەستە بە ئۆکرانیا و ئەمهریکاوە.
سێرگی لاڤرۆڤ گوتی: "تۆپەکە لە یاریگای کیێڤ و واشنتنه، ئەوان دەتوانن ئەو بەرەنگارییەی کە هیچ واتایەکی نییە لەهەر کاتێکدا بێت بیوەستێنن".
ئەم گوتانەی لاڤرۆڤ دوای رۆژێک لە لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، دمیترۆ کولێبا دێت کە بە ئاژانسی ئەسۆشێت پرێسی راگەیاندبوو، وڵاتەکەی دەیەوێت لە شوباتی داهاتوودا لووتکەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەبێ بەشدارییکردنی رووسیا ببەستێت.
دمیترۆ کولێبا گوتبووشی "ئۆکرانیا دەیەوێت لە ماوەی دوو مانگدا لووتکەی "ئاشتی" بەڕێوەبچێت و سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس رۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت".
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا ئەنجام نادات، تا ئەوە کاتەی مۆسکۆ بە تاوانی جەنگ لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە لە ئۆکرانیا ئەنجامی دا، دادگایی نەکرێت.
ماوهی 10 مانگه كیێڤ بهرگری له خاك و سهروهری خۆی دهكات، له 24ـی شوباتی رابردووهوه رووسیا جهنگی دژ به ئۆكرانیای ههڵگیرساندووه، بههۆیهوه ملیۆنهها ئۆكرانی ئاوارهی ئهوروپا بوونه و جیا له كوژرانی ههزار سهربازی ههردوولا.