چالاکییەکی هونەری بۆ دڵخۆشکردن و پاڵپشتی نەخۆشانی شێرپەنجە لە هەولێر بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی دەروونی و پێدانی ورە بە تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە، زنجیرەیەک چالاکیی هونەری و مەراسیمێکی تایبەت بە بەخشینی دیاری بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی نانەکەلی بەڕێوەچوو.

سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، سەردار قادر، سەرپەرشتیاری ئەو چالاکییە هونەرییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر لە رابردووشدا بەردەوام پاڵپشت و هەماهەنگ بووە لە ئەنجامدانی کۆنسێرت و کارە هونەرییە تایبەتەکان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە چ منداڵان و چ گەوران لە نەخۆشخانەی نانەکەلی. هەر لەو چوارچێوەیەدا پێشتر بە هەماهەنگی لەگەڵ هونەرمەند "کەمال محەمەد" و چەندین هونەرمەندی دیکە، کۆنسێرت و چالاکیی جۆراوجۆرمان ئەنجام داوە و لە رووی دارایی و مەعنەوییەوە هاوکاری ئەو ناوەندانە بووین."

سەردار قادر سەبارەت بەو چالاکییە هونەرییە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە گوتی، "​هەر لەو چالاکییەدا کۆمەڵێک دیاریی گرانبەها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێرەوە پێشکەش بە نەخۆشەکان کرا، هاوکات گۆڤاری تایبەت بە منداڵان بەسەر منداڵانی نەخۆشخانەکەدا دابەش کرا و دواتریش چەند پارچە موزیک و گۆرانییەک لەو چالاکییەدا پێشکەش کرا."

سەدار قادر باس لە ئامانجی بەڕوەچوونی ئەو چالاکییە هونەرییە دەکات و دەڵێت، "​ئامانج لەم چالاکییە رەخساندنی کەشێکی ئارام و هونەرییە لە رێگەی پێشکەشکردنی گۆرانی، موزیک و بەخشینی دیاری و گۆڤار بە منداڵانی نەخۆشخانەکە، تاوەکو بۆ ماوەیەک لە ئازار و مەینەتییەکانی نەخۆشییەکەیان کەم بکرێتەوە."

سەرپەرشتیاری چالاکیەکە ئاماژەی بەوەش دا، "​ئەو منداڵانەی سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکەن، لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە بەهۆی وەرگرتنی چارەسەر، دەرزیلێدان و وەرگرتنی خوێنەوە دووچاری ماندووبوون و بێتاقەتییەکی زۆر دەبنەوە و ئەرکی سەرشانیان قورس دەبێت، ​بۆیە سازکردنی ئەم جۆرە چالاکییە هونەرییانە وەکو هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ بەرزکردنەوەی ورەی منداڵان و رەواندنەوەی خەم و ماندووبوونی رۆژانەیان لە کاتی وەرگرتنی چارەسەرە پزیشکییەکاندا."

چالاکییە هونەرییەکان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، بە تایبەتی منداڵان، تەنیا بۆ پێشکەشکردنی گۆرانی و دیاری نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی فشار و ماندووبوونی دەروونیی ئەو نەخۆشانەی رۆژانە رووبەڕووی چارەسەری پزیشکی و ئازاری نەخۆشییەکەیان دەبنەوە. هونەر لەم جۆرە چالاکییانەدا دەبێتە زمانێک بۆ گەیاندنی هیوابەخشین، دڵخۆشکردن و بەهێزکردنی ورەی نەخۆشان و خێزانەکانیان، هەنگاوێک کە گرنگیی پشتیوانیی مرۆیی و دەروونی لەگەڵ چارەسەری پزیشکیدا دەردەخات.