پەرلەمانی کوردستان چاوەڕێی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە

کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەشێک لەو گۆڕانکارییانەی لەنێو حکومەتدا دەکرێن، پێویستیان بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانە و ئێستا پەرلەمان چاوەڕێی کۆبوونەوە چاوەڕوەنکراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە.

پارتی و یەکێتی دەیانەوێت لە چەند پۆستێکی حکومی و پەرلەمانیدا گۆڕانکاری بکەن وەک رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشێک لەو گۆڕانکارییانە پێویستیان بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و بریاری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی کوردستان هەیە.

گۆڕانکارییەکانی چەند پۆستێکی وەزاری و سەرۆکایەتی پەرلەمان، پێویستیان بە کۆبوونەوەی پەرلەمان هەیە.

بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی دووپاتیانکردووەتەوە، "لەسەر کۆمەڵێک بابەت رێککەوتووین دوای پشووەکانی سەر ساڵ کۆدەبینەوە"، بەڵام ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی پشووی وەرزیی پەرلەمان کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، دوو مانگ دەخایەنێت.

رێبوار بابکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ، کۆبوونەوەی نائاسایی چارەسەری ئەم کێشەیە دەکات و ئەمەش لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی پەرلەمان دایە.

ئەو بە کوردستان24ـی راگەیاند: پشووی وەرزی، بەو مانایەیە کە لەو ماوەیەدا یاسا پەسند ناکرێت، نەک ئەوەی پەرلەمانتار دەوام نەکات، بۆیە دوای کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی و رێککەوتنیان، دەکرێ کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.

گۆڕانکارییەکان

لە دوای کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بڕیاریدا ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی کە پۆستی باڵای حکومی و پەرلەمانیان هەیە، دەست لەکاربکێشنەوە. بەو پێیە هەر یەک لە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کارەباری ئایینی، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و زاگرۆس فەتاح کەمال بریکاری وەزارەتی پلاندانان، دەبێت دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە و جێگرەوەیان بۆ دیار بکرێت.

هەروەها یەکێتی بەنیازە لەجێی شۆڕش ئیسماعیل، رێباز بێرکۆتی بکاتە وەزیری پێشمەرگە و ئەحمەد عەسکەری لە جێی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کارباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دابنێت.