سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ساڵی نوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە

ئێستا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا لەئارادایە و بە هەموو توانایەك پشتگیریی رێككه‌وتنه‌كان ده‌كه‌ین

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 – هەولێر

سەرۆک مەسعود بارزانی، بەبۆنەی ساڵی نوێ پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم كە جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بكەمەوە، گەلی كوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بووە.

لە پەیامی سەرۆک بارزانی هاتووە: "پێمانوایە ئێستا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەئارادایە و بە هەموو توانایەك پشتگیریی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەكەین كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەروەها لەنێوان حكومەتی هەرێمی و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەستراون".

سەرۆک بارزانی، راشیگەیاندووە: "ئەو چاوەڕوانییە هەیە كە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوەكانی حكومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و، بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و هەروەها رەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازاندا بێت".

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم كە جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بكەمەوە، گەلی كوردستان هەردەم بڕوای بە ئاشتی و برایەتی بووە و خوازیاری ئەوەیە كێشە و گرفتەكانی لە ڕێگەی دیالۆگ و بە زمانی لە یەكتێگەیشتن و دووركەوتنەوە لە دەمارگیری و نكۆڵیكاری چارەسەر بكرێت.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش پێمانوایە ئێستا هەلێكی تازە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق لەئارادایە و بە هەموو توانایەك پشتگیریی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەكەین كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەروەها لەنێوان حكومەتی هەرێمی و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بەستراون.

ئەو چاوەڕوانییە هەیە كە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوەكانی حكومەت و پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و، بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی گەلانی عێراق و هەروەها رەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازاندا بێت.

لە كۆتاییدا ئومێدی ئەوە دەخوازم ساڵی تازە، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و، ئاشتی و تەبایی بۆ ناوچەكەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی بێتە دی.

مسعود بارزانی

31ی كانوونی یەكەمی 2022