لە 2022 نزیکەی 20 هەزار کۆچبەری هەرێمی کوردستان چوونەتە ئەوروپا
"جگە لە کۆچی نایاسایی دیاردەی وەرگرتنی فیزە بە پارە بەرێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە"

K24 - هەولێر:
لە ساڵی رابردوو 19 هەزار و 200 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچییان کردووە، بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی 20 هەزار کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە کەناراوەکانی تورکیا و لە سنووری بێلارووسەوە چوونەتە نێو یەکێتی ئەوروپا، هاوکات چەند دیاردەیەکی دیکەش هەبووە وەک وەرگرتنی فیزە بە پارە.
سەبارەت بەو فیزانەی بە پارە وەردەگیرێن، لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوەدرا، ئەوەی تا ئێستا تێبینی کراوە، ڤیزەی وڵاتی بۆسنیایە کە لەم کاتەدا هاووڵاتییان روویان لەو رێگەیە کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، لە کۆی 19 هەزار و 200 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە بەرەو ئەوروپا کۆچییان کردووە، دوو هەزار و 300 هاووڵاتیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن.
ئاماژە بەوەشدرا، لە کۆی 19 هەزار و 200 کۆچبەری هەرێمی کوردستان 29 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، کە لەو ژمارەیەش حەوتیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن.