پۆستی پارێزگاری كەركووك عەرەب و توركمان یەكدەخات و كوردیش پەرتەوازە
K24 - کەرکووک
پۆستی پارێزگاری كەركووك، عەرەب و توركمانی یەكخستووەو كوردیش پەرتەوازە، ئاماژەكان ئەوە دەڵێن، تائەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان راكان جبووری لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە كە ئەمە خواستی عەرەب و توركمانەكانە، كوردیش چاوی لەوەیە پێش ئەو وادەیە پۆستەكە وەربگرنەوە.
پۆستی پارێزگاری كەركووك بووەتە گرێكوێرە و پێنج ساڵە ناتوانرێت بكرێتەوە، کەمینەیەک دەسەڵاتی یەكەمی شارەکەی زەوتکردووە، ئامادەنییە رادەستی زۆرینەیەکی بکاتەوە.
عەزام حەمدانی وتەبێژی ئەنجومەنی عەرەبی یەكگرتوو بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە باوەڕمان بە دەستوور هەیە، بەڵام ترسمان لەوە هەیە پۆستی پارێزگار بدرێتە کورد، چاوەڕێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەین بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پۆستە".
بەرەی تورکمانی، پێشتر هەمیشە داوای پۆستی پارێزگار یان دەكرد، بەڵام ئێستا بە مانەوەی راكان جبووری رازین.
قەحتان ونداوی، بەرپرسی لقی كەركووكی بەرەی توركمانی دەڵێت: "برامان پێشتر بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری بەڕێوەبردووە، ئێستا چاوەڕێی هەڵبژاردن دەکەین، بۆ دیارکردنی پارێزگارێکی نوێ".
کورد پۆستی پارێزگاری كەركووك بە موڵكی خۆی دەزانێت، لەنێو كوردیشدا پارتی و یەكێتی كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.
محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "پۆستی پارێزگاری کەرکووک نەبەستراوەتەوە بە هیچ حزبێک، هەرگیز موڵکی یەکێتیش نەبووە، لە دوای ساڵی 2003 کە پارێزگاری کەرکووک دیارکرا عەبدورەحمان مستەفا بە رێککەوتنی لایەنەکان دانرا، دوای ئەویش د. نەجمەدین کەریم کە بووە پارێزگاری کەرکووک بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بووە، پێموایە پارێزگار داهاتووش بەر کورد بکەوێت دەبێت هەر بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان دیاربکرێت".
هەروەها شێرزاد سەمەد، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: "لە رووی ئیستحقاقی هەڵبژاردنەوە یەکێتی پێداگیری لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکات، بۆیە پێویست ناکاتە پارتی لەسەر ئەو پرسە مللانێی لەگەڵ یەکێتی بکات، چونکە ئەگەر بەرژەوەندییەکانی کورد لەبەرچاوبگرین پێویستە کوردێک پارێزگاری کەرکووک بێت".
ئەوەی کێشەکەی ئاڵۆز کردووە زۆربەی گۆڕانكارییە ئیدارییەكان و پڕۆسەی تەعریب لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە ئەنجام دراوە، لەوەدا دەسەڵاتەكانی پۆستی پارێزگاری كەركووك بەکارهێنرا، كە راكان جبوری بەڕێوەی دەبات، ئەگەرێكی زۆر هەیە، تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان بارودۆخی كەركووك وەك خۆی بمێنێتەوە.