"سعوودیه‌ دوای هاتنی كریستیانۆ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر دا دێت"

كریستیانۆ رۆناڵدۆ و جۆرجینا له‌ مه‌راسیمی ناساندنی كریستیانۆ وه‌كو یاریزانی نوێی یانه‌ی نه‌سر
كریستیانۆ رۆناڵدۆ و جۆرجینا له‌ مه‌راسیمی ناساندنی كریستیانۆ وه‌كو یاریزانی نوێی یانه‌ی نه‌سر

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە ئامادەبوونی نزیکەی 25 هاندەری یانەی نەسڕی سعوودی، لە یاریگای یانەکە بە هاندەران ناسێندرا، دۆن لە کاتی ناساندنی وەکو یاریزانی نوێ یانەکە، دروشمی یانەی نەسڕی بە عەرەبی گوتەوە.

له‌ یاریگای مەرسول پارکە لە شاری ریاز، سعوودیە بە رۆژێکی تایبەت و مێژوویی تێپەڕ دەبێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە یاوەری سەرۆکی یانەی نەسڕی سعوودی هاتووە، بۆ ئەوەی وەکو یاریزانی نوێی یانەکە بە هاندەران بناسێنرێت.

ئەمە ساتێکی لەبیرنەکراو و مێژووییە بۆ هاندەرانی نەسڕ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ٢٥ هەزار هاندەری نەسڕی سعوودی لە یاریگای مەرسول پارک بە گۆرانی عەرەبییەوە پێشوازییان لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد.

هاندەرانی یانە سعوودییەکە سەرەتا بڕوایان بە چاوەکانیان نەدەکرد پاشای تۆپی پێ لەناو یاریگا بە درێسی یانەکەیان دەبینن، بۆیە سەرەتا شۆک ببوون و یاریگا خرۆشابوو، هاندەرەکان نەیاندەزانی لە خۆشییان چی دەکەن، هەمووان بەیەکەوە هاواریان دەکرد رۆناڵدۆ، رۆناڵدۆ، رۆناڵدۆ و دەرفەتیان بە پێشکەشکارەکان نەدەدا قسە بکەن.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ: هاتووم بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی سعوودیه‌ دڵخۆش بكه‌م

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ كاتی ناساندنی وه‌كو یاریزانی نوێی یانه‌ی نه‌سڕی سعوودیه‌ گوتی: من دەمەوێت خەڵکی ئێرە دڵخۆش بکەم، لێرە چێژ وەربگرم و یارمەتی وڵاتی سعوودیە بدەم زیاتر پێش بکەوێت، تەنیا تۆپی پێی پیاوان نا، بەڵکو دەمەوێت لەسەر ئاستی تۆپی پێی خانمانیش یارمەتی سعوودیە بدەم، لەوانەیە خەڵکی نەزانن بەڵام من دەزانم کە خولی سعوودی خولێکی پڕ کێبڕکێ و رکابەرییە و ئامانجی من ئەوەیە خەڵکی ئێرە دڵخۆش بکەم.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەکو بەشێک لە رێورەسمی ناساندنەکەی، حەوت تۆپی بە واژۆی خۆی پێشکەشی هاندەرانی یانەی نەسڕ کرد، کە یەکێک لەو تۆپانەی بە دەستی خۆی بە هاندەرێکی منداڵ بەخشی.

پێشوازیکردن لە جۆرجینا رۆدریگێز و منداڵەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشێکی دیکە بوو لە رێوڕەسمەکە و هاندەرانی یانە سعوودییەکە بەیەکەوە پێشوازییان لە ئەندامانەی خێزانەکەی دۆن کرد و بەیەکەوە هاواریان دەکرد: جۆرجینا، جۆرجینا، جۆرجینا.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە مووچەی ساڵانەی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعوودی واژۆ کردووە و پێشبینی دەکرێت دۆن ببێتە هۆی روودانی گۆڕانکاریی گەورە لە تۆپی پێی سعوودییە.

سێڵفی كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ كاتی ناساندنی وه‌كو یاریزانی نوێی یانه‌ی نه‌سڕ
سێڵفی كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ كاتی ناساندنی وه‌كو یاریزانی نوێی یانه‌ی نه‌سڕ
Fly Erbil Advertisment