توركیا: به‌ر له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل راوێژمان به‌ حه‌ماس كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك کۆماری تورکیا ئاشکرای دەکات پێش ئەوەی رێککەوتنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو بکەن، ئەوان راوێژیان بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە لەو ھەنگاوەی ئەنقەرە.

لەمیانی گوتارێکیدا لە ئیستانبوڵ، ئەردۆغان رایگەیاند خاڵی سەرەکی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، رەوش و بارودۆخی مرۆیی خەڵکی غەززە بووە و پێش واژووکردنی رێککەوتنەکەش قسەی لەگەڵ ھەر یەک لە خالید مەشعەل، بەرپرسی باڵای حەماس و مەحموود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین و ئیسماعیل ھەنییە، سەرۆكی بزووتنەوەی حەماس کردووە.

ھەروەھا ئەردۆغان بەرگری لە نزیکبوونەوەی ئەنقەرە لەگەڵ ئیسرائیل و رووسیا کرد، بەوەی تورکیا پێویستە پەیوەندییەکانی خۆی فراوانتر بکات لە ناوچەکە، تاوەکوو بتوانێ پارێزگاری لە پێگە بەھێزەکەی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بکات.