جێگری سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا: پشتگوێخستنی منداڵانی ناو کەمپەکان مایەی شەرمەزارییە

K24 - مۆسکۆ
ئاننا کوزنێت سۆڤای، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا و نوێنەری پێشووی ڤلادیمێر پوتن بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی چەکدارانی داعش لە سووریا رایگەیاند، پرۆسەی گەڕاندنەوەی منداڵانی چەکدارانی داعش بەردەوامە و کاربەدەستانی مافی منداڵان کاری لەسەر دەکەن. رەخنەی توندیشی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی منداڵان دەگرێت و دەڵێت: ئەو فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ئاست کێشەی سووریا و منداڵانی ناو کەمپەکان مایەی شەرمەزارییە.
ئاننا کوزنێت سۆڤای، بە کوردستان24ی گوت: "گرنگە ئێمە لە دوو بواردا کاربکەین، یەکەم؛ درێژەدان بە گەڕاندنەوەی منداڵان، دووەم؛ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو منداڵانەی لەوێ لە هەلومەرجی ناسەقامگیردان، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە حکومەت سیستمێکی داڕشتووە بۆ گەڕاندنەوەیان، بێگومان هەندێک لەو منداڵانە ساوا و بچووکن گرنگە بچنەوە ئامێزی خانەوادە و خێزان، بە بڕیاری سەرۆکی وڵات دەستکرا بە گەڕاندوەی ئەو منداڵانەی لەماوەی کێشەکانی سووریادا لەوێ گیریانخواردووە".
گوتیشی: "ئەوانەشی لە خوێندندان گرنگە هەلومەرجیان بۆ بڕەخسێندرێت تا قەرەبووی ئەو ماوەیەی لە خوێندن دابڕاون بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو زانست و خوێندنەی لەکیسیان چووە نەبێتە هۆی دواکەوتنیان لە هاوتەمەنەکانیان. بەگشتی من حەزدەکەم باس لەو فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنە بکەم کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی منداڵان لە ئاست کێشەی سووریا و منداڵانی ناو کەمپەکان دەیگرنە بەر مایەی شەرمەزارییە".
ئاننا کوزنێت سۆڤای، دەشڵیت: "ئەوەی لە پەیوەست بە منداڵانی خانەی بێسەرپەرەشتانەوە لە ئۆکراینا دەگیرێتە بەر، کە دێن مناڵان دەگوازنەوە بۆ ئەوروپا، پاشتر داواکاری گشتی راستی بردنی ئەم مناڵانە و هەڵگرتنەوەیان لەلایەن خێزانی نەناسراوەوە پشتڕاسدەکاتەوە پرسیاری گەورە لەسەر رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی منادڵان دادەنێت، کاتێک ئاوڕ لە منداڵ نادرێتەوە، کاتێک منداڵان لەلایەن ئۆکرایناوە بەرە و بەرەکانی جەنگ بەڕێدەکرێن، کاتێک منداڵان فەرامۆشدەکرێن و تێکەڵ بە ئایدۆلۆژیای تیرۆرستی دەبن، لە ناو گرووپی لەم چەشنەدا دەبینرێنەوەو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاوڕ لەم پرسانە ناداتەوە، ئیدی دیارە کە ئەم رێکخراوانە بە سیاسی کراون، بێدەسەڵات کراون، هەموو ئەمانە لەکاتێکدا روودەدات کە بەپێی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەپێشینەی ئەم رێکخراوانە بەرگری و پاراستنی مافی مناڵانە لەو ناوچانەی کێشە و پێکدادانی سەربازییان تێدایە".
راشیگەیاند: "ئێمە لای خۆمانەوە بەپێی توانا کار لەسەر گەڕانەوەی ئەو منداڵانە دەکەین کە لە سووریا و ئۆکرایناش دووچاری کێشە بوون، چونکە خانەی بێسەرپەرشت هەیە تەواوی مناڵەلانی خانەکە گواستراونەتەوە و کەس نازانێت بۆ کوێ براون و ئەم بێسەروبەری وایکردووە زۆر پرسیارەکان بێ وەڵام بن".