پەیامنێری کوردستان24: تۆمەتبارەکانی هێرشە چەکدارییەکەی مێردین خەڵکی نسێبینن
K24 - هەولێر:
پەیامنێری کوردستان24 لە مێرسین لەبارەی تۆمەتبارانی هێرشە چەکدارییەکەی سنووری مێردین رایگەیاند، تۆمەتبارەکان خەڵکی ناوچەی نسێبینن.
شەوی رابردوو (18/19ـی کانوونی دووەم) لەسەر رێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردین لە باکووری کوردستان هێرشی چەکداری کرایە سەر پێنج ئەندامی یەک خێزان کە دانیشتووی پارێزگای دهۆک بوون، لە ئەنجامدا هەموویان گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ پارێزگاری مێردین دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند، کە پێدەچێت ئەنجامدەری هێرشەکە بووبن.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە ئەمڕۆ هەر پێنج تەرمەکە بگەڕێندرێنەوە پارێزگای دهۆک.
ئەو رووداوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بە توندی ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەم، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین کە بە زووترین کات، هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە روون بکەنەوە و تاوانبارانیش رووبەڕووی دادگا بکەنەوە".