خەڵاتەکانی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکووک دابەشکران

خەڵاتەکانی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکووک، بەبەشداری 16 نمایشی ناوخۆیی و جیهانی بەڕێوەچوو و تێیدا شەش خەڵاتی سەرەکی دابەشکران.

یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، نەژاد نەجم، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "خەڵاتەکانی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی  کەرکووک بریتی بوون لە، خەڵاتی باشترین بیرۆکە درا بە نمایشی ئاکامی ئەوین، بەرهەمی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان. خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ درا بە  کەیوان ئازار رەخش لە نمایشی ڕۆشتن تا نەگەیشتن، بەرهەمی سنە."

نەجم سەبارەت بە خەڵاتەکانی دیکەی فێستیڤاڵەکە گوتی، "هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ درا بە ئیلیسا کواڤێرت، لە نمایشی جەنگاوەرە کۆنەکان، بەرهەمی فەڕەنسا. خەڵاتی باشترین دەرهێنان درا  جەنگاوەرە کۆنەکان، بەرهەمی فەرەنسا."

سەرۆکی فێستیڤاڵەکە باسی لەوەش کرد، "خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەران درا بە شانۆگەریی گەلاوێژ، لە دەرهێنانی سەید فەرەیدون ئەحمەدی، بەرهەمی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان. هەوەها خەڵاتی باشترین نمایش درا بە  پرۆتۆکۆل، لە دەرهێنانی هەردی هادی، بەرهەمی هەڵەبجە و 3000 دۆلاریش بۆ براوەی ئەو خەڵاتە دیاری کرابوو.

دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، لە شوێنە جیاوازەکانی کەرکووک بەڕێوەچوو و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.