گۆرانبێژێکی تورک: ئەنقەرە پایتەختی کوردستانە
K24 – هەولێر
گۆرانیبێژێکی راپی بە رەگەز تورک، کە پێشتر نەتەوەپەرست بووە، لە بۆچوونەکانی پەشیمان بووەتەوە دەڵێت: ئەنقەرە پایتەختی کوردستانە.
سەرکان ئیپێکچی ئۆغلوو ناسراو بە "ئەزهەل" یەکێک لە راپەڕە ناسراوەکانی تورک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لە گفتوگۆیەکدا دەڵێت: "پێموایە ئەنقەرە پایتەختی کوردستان".
باسی لە پرسی کورد لە تورکیا کرد و گوتی: "من بەرگری لە کوردستان و گەلی کورد دەکەم، بەڵام پێموایە پایتەختی کوردستان ئەنقەرەیە، هەروەها ئیستانبوڵیش، لەو بڕوایەدام ئەم پرسە بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەسەر دەبێت".
ئەزهەل، کە پێشتر نەتەوەپەرست و زۆر دژی کورد بووە دەڵێت: "من نەتەوەپەرست بووم، کاتێک لەناو پاسدا دوو کەس لەنێوان خۆیان بە زمانی کوردی قسەیان دەکرد، زۆر پێی نیگەران دەبووم، چونکە بەو شێوەیە فێرکرابووم".
ئەو گۆرانیبێژە بە رەگەز تورکە بە ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانێت و دەڵێت: "لەو بڕوایەدام رۆژانی خۆش دەبینین".
سەرکان ئۆغلوو، دوای ئەوەی لە نەتەوەپەرستی و دژایەتیکردنی کورد پەشیمان بووەوە، چەند گۆرانییەکی بە زمانی کوردی گوتووە.