یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان لەسەر سووتاندنی قورئان لە سوید دێتە دەنگ
"ریسوایى و شەرمەزاریە و هەوڵێکى ترسنۆکانەیە"
K24 - هەولێر:
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان زۆر بە توندی و لە پێگەی هێزەوە ناڕەزایەتی خۆی بە سوتاندنی كۆپییەك لە قورئانی پیرۆز بە رەزامەندی حكومەتی سوید دەردەبڕێت و ئەو كارە ریسواو شەرمەزار دەكات.
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان داوا لە حكومەتە ئیسلامییەكان دەكات هەڵوێستی جددی و یەكلاكەرەوە و بەهێز دەرببڕن بۆ بەرگری لە پیرۆزییەكانی ئوممەتی ئیسلامی.
راشیگەیاند، قورئانی پیرۆز مەزنترینی ئەو پیرۆزیانەیە ئەوەش لە رێگای بانگهێشتی باڵوێزانی سوید هەریەكە و لە وڵاتی خۆیدا داوا لە سوید بكەن كە داوای لێبوردن بكات و هەموو رێكارێكی پێویست و گونجاو بۆ بەرگرتن لەو كارە قێزەونە بگرێتەبەر.
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان لەهەمانكاتدا هەڵوێستی "ئازایانەی هەندێک لە دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەكان بەرز دەنرخێنێت" كە رێكاری گونجاویان گرتەبەر و "ئەو كارەیان ریسوا كرد".
ئەوەش خرایەڕوو، ئەو كارەش تەنیا و تەنیا بەرئەنجامی رق و كینەیەكی شاردراوەیە لە ناخی چەند تاكێكی نەخۆشدا تا رقلێبوونەوە لە ئیسلام بكەنە پیشەی خۆیان.
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان هۆشداری دەدات كە لێكەوتەی ئەمجۆرە هەڵسوكەوتانە شتانێكی كارەساتبارن بۆ ئاستی تێكەڵبوون و ئاوێتەبوون و فرە-كولتووری و بۆ مافەكانی مرۆڤ، پێدەچێت ئەوروپاش هەردوو جەنگی جیهانیی لەبیركردبێت كە لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا بە هۆكاری دەمارگیریی و هەڵەشەیی و خۆ بەزلزانییەوە هەڵگیرسان و تەڕو وشیان پێكەوە سوتاند.
