سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی ھاوبەشی هەردوو باڵیۆزی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و بەڕێز مارتین یێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزانی ھەردوو وڵات ئەوەیان خستەڕوو کە فەرەنسا و ئەڵمانیا بە ھاوبەشی لەگەڵ یەکتر بایەخ بە بابەتە نێودەوڵەتییە گرنگەکان دەدەن بە تایبەت بارودۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەلای ھەردوو وڵاتیشەوە سەقامگیری و بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە، هەروەها ئەوەشیان بە سەرۆک بارزانی گەیاند کە فەرەنسا و ئەڵمانیا بە نیازی ئەوەن سەنتەرێکی ھاوبەشی کولتووری لە قەڵای ھەولێر دابمەزرێنن، ئەویش بە مەبەستی پێشخستنی پەیوەندییە کولتووری و زانستی و میللیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی راگەیاند بە ھەماھەنگی و ھاوبەشی نێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەمەڕ بابەتە نێودەوڵەتییەکان و بە بابەتێکی گرنگ و کاریگەری لەقەڵەم دا، سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ بڕیاری پارلەمانی ئەڵمانیا ھەبوو لە بە جینوسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی شنگال و بە ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی زانی.
داواشی کرد لە پێناو بەدیھاتنی دادپەروەری و ساڕێژکردنەوەی برینی خوشک و برایانی ئێزیدی وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپاش بڕیاری ھاوشێوە بدەن.
ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و دواپێشھاتەکانی ناو پڕوسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کرا و پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدرالی عێراق شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بەو کەشە ئیجابییەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لە ئارادایە و بە دەرفەتێکیان زانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.
بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و شاندی میوان ئەوەیان دووپاتکردەوە کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
جێگەی ئاماژەپێکردنە لەو دیدارەدا بەڕێز ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر ئامادە بوو.