بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەوروپی لەبارەی چەند پرسێک وەڵامی کوردستان24 دەدەنەوە

K24 - برۆکسل / بارزان حهسهن:
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یهكێتی ئەوروپا و وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، فینلەندا، نەمسا و سلۆڤینیا، لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش، وەڵامی کوردستان24 دەدەنەوە.
ئەمڕۆ (دووشەممە 23ـی کانوونی دووەم - یهنایهری 2023)، یەکەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا لە ساڵی نوێدا بە بەشداری27 وەزیر بەرێوەدەچێت و جۆزێف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات لە وەڵامی کوردستان24دا، نیگەرانی خۆی لە مەترسییەکانی داعش لەهەرێمی کوردستان و عێراق دەڕبڕی.

ههروهها کاسرینە کۆلۆنە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، ئەوان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژی داعش دەمێننەوە و هەوڵدەدەن ئەم هاوپەیمانییە بەردەوام بێت، چونکە داعش کۆتایی نەهاتووە.

ڤیکتۆر ئادلێر وەزیری دەرەوەی نەمساش بە کوردستان24ـی راگەیاند، داعش نەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست چالاکە، بەڵکو لە وڵاتانی ئەفریقاش چالاک بووەتەوە، بۆیە ئەوان داعش بە مەترسی جددی دەزانن.

پێکا هاڤیستۆ وەزیری دەرەوەی فینلەندا، لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 دەربارەی ترسی کوردانی فینلەندا لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەیان بە تورکیا، رایگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار کورد لە فینلەندا دەژین و تورکیا کێشەی نییە لەگەڵ ئەواندا.

ههروهها میرۆ سیرار وەزیری دەرەوەی سلۆڤینیا، وەڵامی پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە دەربارەی پرسی ئێران و سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارییەکانی ئێران و خستنە ناو لیستی تیرۆر، ناوبراو رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری خۆپیشاندان و لەسێدارەدان و مافەکانی ژنانن لە ئێران، هەوڵدەدەن سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنن.

بە گوێرهی راگەیەندراوێکی فەرمی یەکێتی ئەوروپا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کراوە بریتین لە، ( ناردنی تانک لەلایەن ووڵاتانی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا لەدژی رووسیا، سوپای پاسدارن و گروپە چەکدارییەکانی دیكهی ئێران بخەنە ناو لیستی تیرۆر، لەگەڵ چەند پرسێکی دیكهی تایبەت بە وڵاتانی ئەرمینیا، ئەفغانستان، ڤەنزوێلا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا).