باڵیۆزی ئێران لە مۆسكۆ بۆ كوردستان24: رۆژئاوا رای جیهان چەواشە دەکات

کازم جەلالی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مۆسکۆ
کازم جەلالی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مۆسکۆ

K24 – مۆسكۆ:

باڵیۆزی ئێران لە رووسیا به‌ کوردستان24ـی راگه‌یاند، رۆژئاوا رای جیهان چەواشە دەکات، بەوەی كه‌ ده‌ڵێن ئێران لە رووی سەربازییەوە هاوکاری رووسیا دەکات.

لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24، کازم جەلالی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مۆسکۆ، رەتیدەکاتەوە، وڵاتەکەی چوبێتە سەنگەری رووسیاوە لە جەنگی ئۆکرانیادا.

کازم جەلالی، بۆ كوردستان24 گوتی: "سەبارەت بەو ده‌نگۆیه‌ی كه‌ دەگوترێ کۆماری ئیسلامیی ئیران لە شەڕی ئوکرانیا یارمەتیی رووسیای داوە، بەڕای من ئەوە باسێکی کۆنە، بەرپرسانی باڵای ئێران لە ئاستی جۆراوجۆردا ئەم بابەتەیان روونکردووەتەوە، بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئێران و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بەردەوام لەمبارەیەوە روونکردنەوەیان داوە".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "پێموایە رۆژئاواییەکان خەریکی سیناریۆسازین و زیاتر بە گوێرەی خەیاڵی خۆیان بڕیار لەسەر رووداوەکان دەدەن و هەوڵدەدەن لەو دیکتاتۆریی راگەیاندنەی لە ئاستی جیهانیدا هەیە، بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەڵکی نابەجێی وەربگرن".

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.

هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاوا ئێران به‌وه‌ تۆمه‌تبارده‌كرێت، كه‌ هاوكاری رووسیا ده‌كات و به‌ ناڕاسته‌وخۆ به‌شداره‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ ئۆكرانیا.