فەرماندەی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان کوشتنی 12 تیرۆریستی راگەیاند

K24 - هەولێر

فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراقی كوشتنی 12 تیرۆریستی له‌ سێ پارێزگا راگه‌یاند.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، قه‌یس محەممە‌داوی، جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراقی رایگه‌یاند، له‌ چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكی پیاده‌ و ئاسمانیدا 12 تیرۆرست له‌ دیاله‌، ئه‌نبار و كه‌ركووك كوژراون.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، دوای زانیاری هه‌واڵگری ورد و دوای به‌دواداچوون بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له‌  بۆسه‌یه‌كدا، هێزه‌كانیان توانییان سێ تیرۆرست له‌ ناوچه‌ی وادی شای له‌ سنووری كه‌ركووك بكوژن.

هه‌روه‌ك گوتیشی: له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی دیكه‌دا هێزه‌كانیان سێ تیرۆرستیان له‌ ناوچه‌ی كوبه‌یسه‌ كوشتووه‌، كه‌ یه‌كێكیان پشتێنه‌ی بۆمبڕێژكراوی به‌ستبوو، هاوكات شەش تیرۆریستی دیكه‌ش له‌ سنووری پارێزگای دیاله‌ كوژراون.