قۆناغی یەکەمی گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێ تەواو دەبێت

K24 – هەولێر

بڕیارە لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا قۆناغی یەکەمی گۆڕینی بۆری ئیفراز سێ تەواو بکرێت، کە ئاوی خواردنەوەی بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی هەولێر دابین دەکات.

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك بۆری ئاوی ئیفرازی سێ لە شاری هەولێر دەشكا و بەو هۆیەوەش بەشێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر تا چاككردنەوەی بۆرییەكە بێ ئاو دەبوون. بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە خەرجكردنی گوژمەی پێویست بۆ چارەسەری ریشەیی ئەو گرفتە، رەزامەندی لەسەر پڕۆژەچارەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا و مانگی كۆتایی ساڵی 2022، دەستیپێكرا و بڕیارە لە بەهاری ئەمساڵدا، قۆناغی یەكەمی ئەو پڕۆژەیە كە زۆرترین جار لەو ناوچەكە دەشكا، تەواو ببێت.

لە دەستپێكی پڕۆژەكەدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڵێنی بە هاووڵاتییانی شاری هەولێردا، تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو توانایەكیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆژەكە تەواو ببێت و ئەوەشی خستەڕوو كە "ئەم نۆژەنكردنەوەیە بە تەواوی گرفتی شكان كۆتایی پێ دەهێنێت كە ماوەی چەندین ساڵە تووشی دەبوو."

رۆژی سێشەممە، 14ی شوباتی 2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ تیمێكی بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتەكەی كە پەیوەندیدارن بە بابەتەكەوە، سەردانی ناوچەی گەزنەی كرد؛ بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە گفتوگۆ بكات، ستافی كار رایانگەیاندووە "لە ماوەی مانگێكی دیكەدا تەواوی ئەم قۆناغەی پڕۆژەكە تەواو دەبێت."

پاش ئەو هەموو چارەسەرییە كاتییانەی بەردەوام دەكرا و دیسان بۆرییەكە لە شوێنێكی دیكەوە دەشكایەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی چارەسەری ریشەیی بۆ رێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، پڕۆژەچارەسەری پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كرد و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 20 ملیار و 842 ملیۆن و 500 هەزار و 600 دینار بۆ پڕۆژەكە درا كە بە چەند قۆناغێك جێبەجێ بكرێت.

لە قۆناغی یەكەمدا كە زۆرترین دووبارەبوونەوەی شكانی تێدا بوو، گوژمەی 4 ملیار و 354 ملیۆن و 750 هەزار دیناری بۆ خەرج كرا و راستەوخۆ پاش بڕیارەكە، لە رۆژی 11ی كانوونی دووەمی 2022 دەستیپێکرد. ئەم قۆناغە لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا، بە درێژایی 2750 مەتر تا دەگاتە 108ی عەنكاوە دەگرێتەوە؛ كە بەشی یەكەمی تەواوی پڕۆژەكەیە بە درێژایی 11 كیلۆمەترە.

بۆرییەكانی ئاوی ئیفراز بۆ جۆری باشتر دەگۆڕدرێن

ئاوی شیرینی ماڵان لە شاری هەولێر، پشتی بە سێ پرۆژەی ئاوی ئیفراز بەستووە. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، بە پلانێك هەوڵی دا هەر سێ ئیفرازەكە نۆژەن بكاتەوە و بە تایبەتیش كاری ڕیشەیی بۆ دروستكردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ بكات كە بەتەنیا ئاوی ٤٠٪ی دانیشتوانی هەولێر دابین دەكات، ئەویش بەردەوام لە چەند شوێنێكەوە هەموو ساڵێك دەشكا و لە ماوەی ئەو چەند كاتژمێر یان جاری وا بوو تا ئەو چەند ڕۆژەی چاك دەكرایەوە، گرفتی گەیاندنی ئاوی خاوێنی بۆ ماڵان دروست دەكرد. بۆ ئەوەی ئەمە چیدی دووبارە نەبێتەوە، پێویستی بەوە بوو لە جیاتی چاككردنەوە، سەرلەنوێ بۆرییەكان بە جۆری باشتر بگۆڕدرێن. یەكێك لە باشترین جۆرەكانی بۆڕی بەكارهێنراو كە لە شارە پێشكەوتووەكانی جیهانیش بەكاردێت، بریتییە لە بۆڕی 1.5 مەتریی كاربۆن ستیل كە لە رووی تەندرووستییەوە باشترینە و بەرگەی دۆخە جیاجیاكانیش زیاتر دەگرێت.

جگە لە كێشەكانی شكانی بۆرییەكانی ئاوی ئیفراز، پشتبەستن بە ئاوی بیریش یەكێكە لەو كێشانەی كە زیان بە سامانی ئاو و مافی گشتی دەگەیەنێت، بەتایبەتی لەڕووی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییەوە. بۆ ئەو مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جیا لە چارەسەركردنی گرفتەكانی ئەو سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازە، پلانی داناوە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 4 دروست بكات، ئەمەش وا دەكات ڕێژەی پشتبەستن بە بیر بەتەواوی كەم ببێتەوە و كێشەی بێئاوییش كەمتر ببێتەوە؛ بەتایبەتی بۆ ئەو گەڕەكانەی دەكەونە دەرەوەی سنووری شەقامی بازنەیی 120 مەتری كە لە ئایندەدا زیاتر پشت بەو سەرچاوەیە دەبەستن.

سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Fly Erbil Advertisment