جۆو بایدن: سەبارەت بە خستنەخوارەوەی باڵۆنەکان داوای لێبوردن لە چین ناکەم

"بەدوای جەنگی ساردەوە نین"

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا - وێنە: AFP
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی چین سەبارەت بە قەیرانی باڵۆنەکان قسەدەکات، بەڵام سەبارەت بەخستنەخوارەوەی باڵۆنە چینییەکان داوای لێبوردن ناکات.

بایدن گوتی: هیوادارم قسەکردن لەگەڵ شی جیپینگ سەرۆکی چین لەسەر قەیرانی باڵۆنەکان لەسەر بناغەی بابەتەکە بێت.

هەرچەندە بایدن جەختی کردەوە لەوەی، کە "بەدوای جەنگی ساردەوە نین" بەڵام سەبارەت بە خستنەخوارەوەی باڵۆنەکان گوتی "داوای لێبوردن لە چین ناکەم".

سەرۆکی ئەمەریکا راشیگەیاند، کە هێشتا نازانن ئەو تەنە نامۆیانەی خستوویانەتەخوارەوە چین، بەڵام پێشبینی دەکرێت پەیوەندیداربن بە باڵۆنی سیخوڕی چینەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دوای ئاشکرابوونی باڵۆنێکی "هەواڵگری" چینی لە ئاسمانی ئەمەریکادا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هەر زوو رایگەیاند، باڵۆنەکە بە مەبەستی سیخوری و کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا لەلایەن چینەوە نێردراوە.

سەرەڕای حکومەتی چین رایگەیاندبوو، کە باڵۆنەکە تایبەتە بە کاری کەشوهەوا و بە هەڵە چووەتە ئاسمانی ئەمەریکاوە، بەڵام رۆژی 4ـی شوباتی 2023، وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا باڵۆنە "سیخورییەکەی" چینی لە کەناراوەکانی کارۆلینای باشوور خستەخوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە، وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە ئەمەریکا کرد لەبری ئەوەی کار لەسەر ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنی چین بکات، بەخۆیدا بچێتەوە و ئاراستەی بیرکردنەوەی بگۆڕێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین باسی لەوەشکردبوو، کە لە ساڵی رابردووەوە، باڵۆنەکانی ئەمەریکا بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 10 جار ئاسمانی چینیان بەزاندووە.