پاسەوانێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ مۆسکۆ سزا دەدرێت
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ هەینی، پاسەوانێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەرلین دوای تۆمەتبارکردنی بە سیخوڕیکردن بۆ حکومەتی مۆسکۆ، بە 13 ساڵ و دوو مانگ زیندانیکردن سزادرا.
دەیڤد بالنتاین سمیس (58 ساڵ) پاسەوانی پێشووی باڵیۆزخانەی بەریتانیایە لە بەریلن، دوای ئەوەی لە ئۆپەرسیۆنێکی هەواڵگریدا دەستگیرکرا، دانی بەوەدانا کە زانیاری هەستیاری بۆ باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئەڵمانیا گواستووەتەوە.
دادگایییەکە کە لە دادگەی (ئۆڵد بەیلی) لە لەندەن بەڕێوەچوو، تێیدا دادوەر (مارک وۆڵ) لە قسەکانیدا بۆ سزادراوەکە، گوتی "دەیڤید بالانتاین سمیس، رووسیا بەرامبەر خیانەتەکەت پارەی پێداویت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە پاڵنەرەکەی "زیانگەیاندن بووە بە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا بەهۆی رق و کینەی بەرانبەر بە وڵاتەکەی".
لە دادگاییەکەدا ئەوە خرایەڕوو، کە ئەو پاسەوانە یەکەم پەیوەندی بە باڵیۆزی رووسیاوە لە 2020 بووە و لەو کاتەدا زانیاری لەسەر ستافی باڵیۆزخانەی بەریتانیا و چەند وردەکارییەکەی بۆ باڵیۆزخانەی رووسیا گواستووەتەوە.
لە دوایین دەرکەوتنیدا لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا، دەیڤد بالانتاین سمیس، لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەردەکەوێت کە، وێنەی هاووڵاتییەکی رووسی گرتووە کە لە راستیدا سەربە هەواڵگری بەریتانیا بووە و سەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کردووە.