ئه‌مه‌ریكا كوشتنی سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای داعش له سووریا راده‌گه‌یه‌نێت

K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) و له ئۆپه‌ڕاسیۆنێكی سه‌ربازیدا توانیویانه سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای داعش له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بكوژن.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (17ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا له تویتكێكدا كوژارنی به‌رپرسێكی باڵای داعش به‌ناوی (حه‌مزه حه‌مسی) له ئۆپه‌ڕاسیۆنێكی سه‌ربازیدا له "باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا"ـی راگه‌یاند.
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له ئۆپه‌ڕاسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌دا چوار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا و سه‌گێك، كه له ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كه‌دا به‌شداربووه، برینداربوونه. روونیشیكردووه‌ته‌وه، برینداره‌كان له بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستیی سوپای ئه‌و وڵاته له عێراق چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرن.
له تویته‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكادا هاتووه، ئۆپه‌ڕاسیۆنه سه‌ربازییه‌كه به هه‌ماهه‌نگی بووه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) و له‌رێگه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌وه و له دره‌گانی شه‌وی رابردوو ئه‌نجامدراوه.